جەڵتەی مێشک ( Apoplex)



مەبەست لەجەڵتەی مێشک لەناکاو ڕێگری لەگەیشتنی خۆراکء ئۆکسجینی ناو خوێنە بە خانەکانی مێشک، کە دەبێتەهۆی مردنء لەناوچونی ئەو خانانەی کە لەئۆکسجینء خۆراک دادەبڕێن .

‌بەگشتی بە ڕێژەی لە ٨٠-٨٥ % هۆکاری نەگەیشتنی خوێنی پێویست بە هەندێک لەخانەکانی مێشک دەگەڕێتەوە بۆ گیرانی ئەو بۆری خوێنانەی (CEREBRL ARTERIES) کە خوێنی پاکی پڕ خۆراکء ئۆکسجین بەو خانانە دەگەیەنن .
‌ڕێژەی ١٠-١٥% بۆ برینداربونء بەو هۆیەوە خوێن بەربونء تێزانی خوێن لەناو هەندێک لەخانەکانی مێشکدا ئەگەڕێتەوە، کە زۆرجار بەهۆی بەرزبونەوەی پەستانی خوێن یان لەگەڵ کاتدا دروستبونی کلسء تەسکبونەوەو پاشان پچڕانء بریندار بونی ئەو بۆری خوێنانە ڕودەدات.

‌‌نیشانەکانی:
‌تێکچونی بینین( ڵێڵ بونی چاو، بینینی دوو وێنەیی، بینینی نیواونیو…)، تێکچونی هاوسەنگی، گێژبون، تێکچونی ڕۆیشتن، سەرئێشەی کتوپڕی زۆر بەهێز، کتوپڕ لەهۆشخۆچون، وڕێنە، لاڵبونء تێکچونی قسەکردن، دڵ تێکەڵهاتن، ڕشانەوە، سڕبون، لەکارکەوتنی دەستء قاچ ( شلل)..هتد
‌مەرج نیە هەموو ئەو جۆرە نیشانانە لەهەموو کەسانێکدا بەدی بکرێن، بەڵکو لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە. 
هەر کاتێک ئەو جۆرە نیشانانە لەپاش ٢٤ کاژمێری سەرەتادا بەردەوامبونیان هەبێت دەتوانین بەدڵنیاییەوە باس لەتوشبون بە جەڵتەی مێشک بکەین. 
‌دیارە پێویستە جەڵتەی مێشک لە TIA جیابکرێتەوە کە تێیدا دەرکەوتنی ئەو نیشانانە چەند خولەکێک تا درەنگترین کات ٢٤ کاژمێر دەخایەنێء پاشان زۆرجار تەواوی نیشانەکان ون دەبن. 
‌پسپۆڕان جۆری TIA وەک ئاگەدارکردنەوەو جۆرێکی سەرەتایی لەجەڵتە دادەنێن کە شایەنی بەدواداچونء دروستبونی هۆشیاریی خۆپاراستنە لای توشبوان.

‌خێراترین تاقیکردنەوە بۆ دەستنیشانکردنی جەڵتەی مێشک:
CINCINNATI-PREHOSPITAL-STROKE-SCALE/CPSS
‌‌جۆرە پشکنینێکی نوێیە لەلایەن چەند پسپۆڕێکی ئەمەریکیەوە داهێنراوەو بە ئاسانترینء خێراترین میتۆد هەژمارد دەکرێت بۆ ناسینەوەی جەڵتەی مێشک لەلایەن کەسانی نەشارەزاوە. 
بەپێی ئەو تاقیکردنەوەیە گەر نەخۆشی گومانلێکراو نەیتوانی بەتەواوی بەم سێ ئەرکەی خوارەوە هەڵسێت، ئەوا گومانی توشبونی بە جەڵتەی مێشک لێدەکرێت:
1. زەردەخەنە (تێبینی ئەوە دەکرێت ئایا هەردوو گۆشەی دەمی بە هەمان شێوە دەجوڵێنێت).
٢. بەرزکردنەوەی هەردوو قۆڵ لەهەمان کاتدا بۆ سەرەوەو پێشەوە،هەردوو لەپی دەست ڕووەو ئاسمانء ڕاگرتنی بۆ ماوەی چەند چرکەیەک.
‌٣. وتنەوەی ڕستەیەکی تەواوی ئاسان بێ هەڵەکردن. 
‌تێبینی :
-ئەگەر لەکاتی زەردەخەنەدا جوڵاندنی هەردوو گۆشەی دەم لەیەک کاتء لەهەمان ئاستدا نەبون، ئەوا بە دڵنیایی لە ٧٥% ئەو کەسە توشی جەڵتە بووە.
‌-ئەگەر هەردوو قۆڵی بەو جۆرە بۆ بەرز نەکرایەوەو نەیتوانی کەمێک ڕایبگرێت، هەروەها نەیتوانی بەتەواویء ڕاستی ڕستەیەک دوبارەبکاتەوە، ئەوا بە ڕێژەی لە ٩٥% گومانی توشبون بە جەڵتەی مێشکی لێدەکرێت.
‌‌
‌هۆکاری توشبون:
‌پەستانی خوێنی بەرز، جگەرەکێشان، بەرزی ڕێژەی چەوری لەخوێندا، کێش زۆری، کەمی جوڵە، نەخۆشی شەکرە، تێکچونی ڕیتمی لێدانی دڵ، خەستبونەوەی خوێن، فاکتەری تەمەن، فاکتەری جینی بۆ ماوەیی، جۆری گروپی خوێن( گروپی o کەمترین ئەگەری توشبونی هەیە، گروپی AB بەڕێژەی ٣٠% ئەگەری توشبونی زیاترە).

‌خۆپاراستن:
‌١. کەمخۆری لە چەوریء شەکرەمەنیء خۆراکی سوێر، لەبری ئەوە خواردنی سەوزەو میوە بەسودە.
٢. خواردنەوەی ڕێژەی پێویست ئاو بەتایبەتی لەوەرزی گەرمادا، کەمترینی ٣ لیتر لەڕۆژێکدا.
‌٣. جوڵەو وەرزشی گونجاوی ڕۆژانەو بەردەوام .
٤. خۆ بەدوورگرتنلەدڵەڕاوکێ(STRESS)و مامەڵەیەکی ئارامء ژیرانە لەگەڵ دڵەڕاوکێدا
‌٥. خۆپاراستن لەکێش زۆریء جگەرەکێشانء مادە کحولیەکان.
‌٦. توشبووان بە نەخۆشی شەکرەو پەستانی خوێنی بەرز پێویستە زیاتر پەیوەست بن بەو جۆرە ڕێنماییانەوەو بەمەبەستی ڕاگرتنی ڕێژەیەکی مامناوەندو گونجاوی ئەو دوو پێوەرە بەردەوام لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕدابن.

ئ: زانا ئه‌حمه‌د قادر

إرسال تعليق

[blogger]

MKRdezign

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.
Javascript DisablePlease Enable Javascript To See All Widget