شیزۆفرینیا / به‌شی دووه‌م



ئایا دەتوانرێت لە سەرەتای ژیان و لە تەمەنێكی بچووكدا كەسی تووشبوو دەست نیشان بكرێت؟
ئەگەر دایك و باوك هەر لە منداڵییەوە سەرنجی ڕەفتار و هەڵس و كەوتی منداڵەكانیان بدەن, ئەوا دەتوانن لە كاتی خۆیدا كەم و كورتییەكانیان دەست نیشان بكەن و زوو فریایان بكەون, بەڵام پشتگوێخستنی نیشانەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكان دەبێتە هۆی دواخستنی دەست نیشانكردن و چارەسەركردنی منداڵەكانیان ئینجا بۆ ئەوەی دایك و باوك لە ئەم كارەیاندا سەركەوتوو بن, دەبێت بزانن


نیشانەكانی نەخۆشی شیزۆفرینیا كامانەن, لە گرنگترین نیشانەكانیش ئەمانەی لای خوارەوەن:-
1- دووركەوتنەوە لە كەسانی تر و حەزكردن بە تەنهایی و گومانكردن لە خەڵكی.
2- پشتگوێخستنی پاك و خاوێنی و گرنگی نەدان بە جل و بەرگ و ڕواڵەتی خۆیان.
3- بوونی وەسواسی و ڕاڕایی و عەمەلی.
4- پێكەنینی بەبێ هۆ و لە ناكاو.
5- نەبوونی وریایی و بەئاگایی و لاوازی مامەڵەی دروست لەگەڵا كەسانی تر.
6- تێكچوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و نزمبوونەوەی ئاستی خوێندن و فێربوونی.
7- هەندێكجار باسی هەندێك شتی نامەعقوڵی وەك (جنۆكەم بینیوە, قسەم لەگەڵا دێو و درنج كردووە).
8- باش قسەنەكردن و بەزەحمەت تێگەیشتن لە قسەكانیان.
9- نقوومبوون لە ئاین و زیادەڕۆیكردن تیایدا بە جۆرێكی نائاسایی.
10- زوو زوو ماندووبوون و حەزكردن بە خەوتن.
كاتێك دایك و باوك هەستیان بە ئەوە كرد كە ژمارەیەكی زۆر لە ئەو نیشانانەی سەرەوە لەلای یەكێك لە منداڵەكانیان دەركەوتووە, ئەوا دەبێت پەیوەندی بە كەسی پسپۆڕەوە بكەن و پشكنینی پێویستی بۆ بكرێت, بۆ ئەوەی دڵنیابن لە ئەوەی كە منداڵەكەیان تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا نەبووە, وە ئەگەر خوانەخواستە ئەگەری تووشبوونیش هەبوو, ئەوا دەتوانن لە كاتی خۆیدا چارەسەری بكەن و نەهێڵن لێی پیس بكات.

هەندێك خورافیات و بۆچوونی هەڵە دەربارەی نەخۆشی شیزۆفرینیا:-
1- هەندێك كەس لە ئەو بڕوایەدان كە ئەوەی تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا ببێت ئەوا بە هیچ شێوەیەك چاك نابێتەوە. لە ڕاستیدا ئەو بۆچوونە هەڵەیە و هەندێك حاڵەتی شیزۆفرینیا چاك دەبێتەوە, بەڵام ئەوانەش كە چاك نابنەوە, مانای ئەوە نییە كە بێ هیوا بن و دەست لە ئەژنۆ دابنیشن, بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەگەر بە پێی خشتەی دیاریكراو و لە كاتی خۆیدا چارەسەرەكانیان وەربگرن ئەوا وەك كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەكرە و فشار و پاڵەپەستۆی خوێن و سستی و لاوازی گورچیلەكان ژیانی ئاسایی خۆیان دەژین.

بەڵام ئەوەی جێگەی داخە كەس بە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەك شەكرە و ئەوانی تر ناڵێت بێ هیوا بن و چارەسەر نییە, كەچی بە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشییەكی درێژخایەنی وەك شیزۆفرینیا دەڵێن هیچ چارەسەری نییە و ئەو جۆرە نەخۆشانە بێ هیوا و خەفەتبار دەكەن. لەبەرئەوە زۆر گرنگە كە دایك و باوك و كەس و كاری نەخۆشی شیزۆفرینیا گوێ لە ئەو قسە و قسەڵۆكانە نەگرن لەسەر هاوكاری و یارمەتیدانی نەخۆشەكانیان بەردەوام بن و ڕۆژێك دێت بەروبوومی ئەو ماندووبوونەیان بدوورنەوە.

2- كەسی تووشبوو بە نەخۆشی شیزۆفرینیا دوو كەسێتی جیاوازی هەیە:-
ئەمەش بۆچوونێكی تری هەڵەی هەندێك كەسە و لە ئەنجامی بینینی هەندێك فیلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنییەوە ئەو بیر و باوەڕە هەڵەیان لا دروست بووە, ڕاستیەكەی ئەوەیە كە كەسی نەخۆش تەنها یەك كەسێتی هەیە و بە هیچ شێوەیەك دوو كەسێتی جیاوازی نییە و كەسێتی بەش بەش و دوولەت نابێت, بەڵكو بیر و بۆچوون و سۆز و عاتیفە و ڕەفتاری تووشی شڵەژان و پەرتەوازەیی دەبێت نەك كەسێتی.

3- كەسی تووشبوو بە شیزۆفرینیا بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت ئیش و كار بكات:-
ئیش و كار پەیوەندی بە ئاستی تووشبوون بە ئەو نەخۆشییە و جێگیری حاڵەتەكەوە هەیە, واتە كاتێك نەخۆشەكە لە ئاست و پلەیەكی گونجاودا دەبێت و حاڵەتی نەخۆش جێگیرە و لەسەر وەرگرتنی چارەسەرەكانی بەردەوامە, ئەوا دەتوانێت لەسەر ئیش و كاری خۆی بەردەوام بێت, نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت كە ئیشەكردنی نەخۆش و چوونە ناو كۆڕ و كۆبوونەوە و خەڵك زۆر گرنگە و هۆكاری یارمەتیدەرە بۆ زوو چاك بوونەوەی نەخۆش.

4- كەسی تووش بوو بە شیزۆفرینیا مەترسی لەسەر خودی خۆی و كەسانی تریش هەیە:-
ئەگەر نەخۆش لە كاتی خۆیدا دەست نیشانی حاڵەتەكەی بكرێت و بە پێی ڕێنمایەكانی پزیشك داو و دەرمان و حەپ و چارەسەرەكانی وەربگرێت و كەسانی چواردەوری مامەڵەی دروستی لەگەڵدا بكەن, ئەوا ئەو كاتە كەسی نەخۆش مەترسی لەسەر كەسانی چواردەوور و خودی خۆی زۆركەم دەبێت و دەكرێت بە مامەڵەی دروست وای لێبكرێت كە هیچ ڕەفتارێكی هەڵە و نابەجێ نەكات.

5- پەروەردەی هەڵە بەرپرسە لە تووشبوون بە شیزۆفرینیا:-
لە ڕاستیدا هیچ كات پەروەردەی هەڵە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ نابێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا, بەڵام دەتوانین بڵێین كە لێكترازانی خێزان و شەڕ و ئاژاوە و ناخۆشی و فشاری زۆر لەسەر تاك هۆكاری یارمەتیدەرە بۆ تووشبوونی ئەو كەسانەی كە هەر بە بۆماوە ئامادەباشیان هەیە بۆ ئەو نەخۆشییە. واتە ئەگەر كەسێك ئامادەباشیشی هەبێت, بەڵام ژینگەی خێزانی و كۆمەڵایەتی گونجاو و لە باربێت ئەوا ئەگەری زۆرە كە تووشی شیزۆفرینیا نەبێت.

هۆیەكانی تووشبوون بە شیزۆفرینیا:-
هەرچەندە تاوەكو ئێستا هۆكاری ڕاستەقینەی تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا نەزانراوە, بەڵام زۆربەی زانایان لە ئەو بڕوایەدان كە شیزۆفرینیا نەخۆشییەكە تووشی مێشكی مرۆڤ دەبێت و بنەمای بایۆلۆژی خۆی هەیە و دواتر هۆكارە ژینگەیەكان (دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی) گەشەی پێدەكەن یان بە خەفەكراوی دەیهێڵنەوە. واتە ئەمانەی خوارەوە بە گرنگترین هۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا دادەنرێن:-

1- بۆماوە:-
بەبڕوای زۆربەی زانایان بۆماوە ڕۆڵی سەرەكی هەیە, بەڵگەش بۆ ئەوە ئامارەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەگەری ئەوە هەیە لە سەدا یەكی (1%) خەڵكی تووشی شیزۆفرینیا ببن, بەڵام ئەم ڕێژەیە بۆ لە سەدا دە (10%) بەرز دەبێتەوە لە لای ئەو كەسانەی كە كەسێكی نزیكی پلە یەكیان (باوك و دایك و خوشك و برا) پێشتر تووشی ئەو نەخۆشییە بووبێت, وە ئەم ڕێژەیە بۆ لەسەدا پەنجا (50%) بەرز دەبێتەوە لە لای ئەو كەسانەی كە جمك و دوانەن و یەكێكیان تووشی ئەو نەخۆشییە بووە.

2- كیمیای مێشك:-
كاتێك كە هاوسەنگی گوێزەرەوە دەماریەكان (النواقل العصبیە) تێكدەچێت ئەوا نیشانەكانی نەخۆشی شیزۆفرینیا لە لای ئەو كەسانە دەردەكەوێت كە ئەو هاوسەنگییەیان تێكچووە, واتە ئەو كەسە گوێبیستی هەندێك دەنگ دەبێت كە لە واقیعدا بوونیان نییە و كەسانی چواردەوری ئەو جۆرە كەسە هیچ نابیستن یان هەندێك بیر و باوەڕی هەڵە و نامەنتیقیان لە لا دروست دەبێت. لە گرنگترین گوێزەرەوە دەماریەكانیش (دۆپامین)ە, بەڵگەش بۆ ئەوە كاتێك چارەسەری ئەو جۆرە كەسانە دەكرێت و ماددەی دۆپامین دەگەڕێتەوە ئاستی خۆی ئەوا دوای ماوەیەكی كەم زۆربەی ئەو نیشانانەی سەرەوە نامێنن.
لەلایەكی تریشەوە ئاماژە بۆ كاریگەری پێكهاتەی كیمیایی سیرۆتۆنین دەكرێت و بە هۆكارێك لە هۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا ناو دەبرێت, بە بڕوای هەردوو زانا (ولی و شاو) (Wollley & Shaw) تێكچوونی هاوسەنگی ئەم ماددەیە لە مێشكدا دەبێتە هۆی دەكەوتنی نیشانەكانی شیزۆفرینیا.

3- كەم و كورتی لە بونیاد و پێكهاتەی مێشك:-
هەندێك لە دەرئەنجامی توێژینەوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە كاتێك پشكنینیان بۆ هەندێك كەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا كردووە دەركەوتووە كە كەم و كورتیان لە هەندێك بەشی مێشكیان هەیە, بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك كەسی تریش تووشی ئەو نەخۆشییە بوون بەڵام هیچ كەم و كورتیەك لە مێشكیاندا نییە, لە لایەكی تریشەوە دەرئەنجامی هەندێك پشكنینی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هەمان كەم و كورتی لە هەمان بەشی مێشك خاوەنەكانیانی تووشی نەخۆشی دەروونی تر كردووە نەك نەخۆشی شیزۆفرینیا, ئەمەش مانای ئەوەیە كە مەرج نییە هەموو كاتێك ئەو كەم و كورتییانە مرۆڤ تووشی شیزۆفرینیا بكات.

4- ماددە هۆشبەرەكان (المخدرات):-
سەرەتا زاناكان لە ئەو بڕوایەدا بوون كە ماددە هۆشبەرەكان هۆكاری یارمەتیدەرن بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا, واتە ئەو كەسانەی كە ئامادەباشی بۆماوەییان هەیە ئەوا بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان دەبنە هۆی خێراكردن و زوو تووشبوون بە ئەو نەخۆشییە, بەڵام دواتر دەرئەنجامی توێژینەوەیەك كە لە گۆڤاری پزیشكی دەروونی بەریتانی لە ساڵی (2004) بڵاوكرایەوە, ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر هۆكاری یارمەتیدەر نییە بەڵكو هۆكارێكی گرنگ و سەرەكییە بۆ تووشبوون بە شیزۆفرینیا, بە تایبەتیش بەكارهێنانی ماددەی (حەشیش) لە تەمەنی هەرزەكاریدا, لەبەرئەوە زۆر پێویستە دایك و باوك ئاگاداری هەرزەكارەكانیان بن و لەمەترسی ئەو ژەهرە كوشندەیە بیان پارێزن.

5- هۆكاری ژینگەیی و دەروونی:-
دەركەوتووە كە كۆمەڵێك هۆكاری ژینگەیی, ڕۆڵی ئاسانكار و یارمەتیدەریان هەیە بۆ زوو دەركەوتن و سەرهەڵدانی نەخۆشی شیزۆفرینیا لەوانە (تووشبوونی دایكی دووگیان بە ڤایرۆسی ئەنفلۆزا, تووشبوونی منداڵی ساوا بە نەخۆشی ئیلتیهابی ڤایرۆسی (ئەنفلۆزا), بە زەحمەت لە دایك بوونی منداڵ, پەروەردەی هەڵە و فشاری دەروونی زۆر, دیكتاتۆری یەكێك لە دایك و باوك و سوكایەتی پێكردنی منداڵا …هتد).

فرۆیدیش لەو باوەڕەدایە كە كارەسات و زەبری دەروونی سەردەمی منداڵی, مرۆڤ تووشی شیزۆفرینیا دەكات. بافلۆفی ڕووسیش دەڵێت بەشێكی مێشكی ئەو كەسانەی كە تووشی شیزۆفرینیا دەبن تووشی وەستان و لە كاركەوتنی كاتی دەبێت و ناتوانێت بە كاری ئاسایی خۆی هەڵبستێت و وروژێنەرە ئاساییەكان دەكاتە نائاسایی و هەڵس و كەوتی ئاسایی لێ بەرجەستە دەكات.

هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە زاناكان لەو باوەڕەدان (كە ژینگەی كۆمەڵایەتی و دەروونی نالەبار كە خۆی لە هەژاری و بێ كاری و نەخۆشی و لێك ترازاندنی شیرازەی خێزان و مردن و لە ناوچوونی كەسانی خۆشەویست و بێبەش بوونی منداڵ لە سۆز و خۆشەویستی و ژیان لە بارێكی ئاڵۆزدا …هتد) هۆكاری سەرەكین بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا.

واتە ئەم هۆكارانەی سەرەوە مرۆڤ تووشی شیزۆفرینیا ناكەن بەڵكو هۆكاری یارمەتیدەرن و وا لە ئەو كەسانە دەكەن كە ئامادەباشی بۆماوەییان هەیە زووتر تووشی ئەو نەخۆشییە ببن و نیشانەكانی دەربكەون, ئینجا ئەگەر ئەو هۆكارانە نەبوونایە ئەوا لەوانە بوو ئەو نەخۆشییە هەر بە خەفەكراوی و نادیاری لە دەروونی ئەو كەسانەدا بمانایەوە و ئەو كەسانە تووشی ئەو نەخۆشییە نەبوونایە.

ئایا شیزۆفرینیا نەخۆشییەكی دەگمەنە؟
لە ڕاستیدا شیزۆفرینیا نەخۆشییەكی دانسقە و دەگمەن نییە و بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی هەر هەبووە و ڕێژەیەكی بە لە سەدا یەك (1%) لە هەموو كۆمەڵگاكان خەمڵێنراوە, واتە ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانی عێراق (5,000,000) پێنج ملیۆن بێت ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە كە (50,000) پەنجا هەزار كەس تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا ببێت.

لەبەرئەوە بە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شیزۆفرینیا دەڵێین كە تۆ بە تەنها تووشی ئەو نەخۆشییە نەبوویت بەڵكو ملیۆنەها كەس لە هەموو جیهان وەك تۆ تووشی ئەو نەخۆشییە بوون و لە ئەنجامی خۆڕاگری و كۆڵنەدانیان ڕۆژانە چیرۆكی هەندێكیان دەخوێنینەوە و دەبیستین كە چاك دەبنەوە و دەگەڕێنەوە سەر كار و پیشەی خۆیان و ناو ماڵ و منداڵیان, واتە نابێت كەسی نەخۆش و كەس و كاریان ورە بەربدەن و وابزانن ئیتر كۆتایی ژیانە و خۆشەویست و ئازیزەكانیان چاك نابنەوە.

ئەوەی مایەی دڵخۆشییە كە ڕۆژانە و بەردەوام جۆری چارەسەر و ڕێنمایكردنی كەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا لە پێشكەوتندایە و چاودێری و خزمەتگوزاری و باری دەروونی و عەقڵی و كۆمەڵایەتی ئەو كەسانە بەرەو باشبوون دەچن و هەندێكیشیان هەر بەیەكجاری بۆ هەتا هەتایە چاك دەبنەوە و دەگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی خۆیان هەر چەندە ڕێژەی تووشبووان بەرەو زیادبوون چووە, كە هۆكارەكاشی ئەوەیە كە ئێستا چارەسەر و خزمەتگوزاریەكان زۆر باشتر بوون و وەك جاران ئەو نەخۆشانە پشتگوێ ناخرێن و لە ئەنجامی كەمتەرخەمی و چارەسەرنەكردنەوە نامرن.

لێرەدا پرسیارێك دەكرێت, ئایا تووشبووان بە شیزۆفرینیا بەرەو كەم بوونەوە دەچێت یان بەرەو زیاد بوون؟
لە ڕاسیتدا وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە ئاسان نییە و كەسیش ناتوانێت پێشبینی ڕاست بكات و بزانێت بەیانی چۆن دەبێت, بەڵام ئەوەی مایەی گەشبینی و دڵخۆشییە و ئەگەری ئەوە هەیە كە ڕێژەی تووشبووان بەرەو كەمی بڕوات, لەبەرئەوەی كە بەردەوام تاكەكانی كۆمەڵ زانیاری و ڕۆشنبیرییان دەربارەی ئەم نەخوشییە بەرەو زیادبوون دەچێت و ئێستا باشتر لە جاران لە تەمەن و قۆناغێكی زۆر زوودا دەستنیشانی كەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا دەكرێت و چارەسەری گونجاویشیان بۆ دەدۆزرێتەوە, سەرەڕای ئەوەش ئێستا زۆر داو و دەرمان و چارەسەری نوێ دۆزراوەتەوە و ئەگەری ئەوەش هەیە كە چارەسەر و ڕێگاچارەی زیاتریش بدۆزرێتەوە.

لەلایەكی تریشەوە توێژینەكانی بواری زانستی بۆ هێڵەكان (جیناتەكان) دڵخۆشكەرن بە ئەوەی كەلەمەودوا دەتوانرێت لە تەمەن و قۆناغێكی زۆر بچووكدا دەست نیشانی ئەو نەخۆشییە بكرێت و هەر زوو بە زوو چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە و كەسانی تریش بپارێزرێن و نەهێڵن تووشی ئەو نەخۆشییە ببن. لە هەمان كاتیشدا ئامارەكان مایەی دڵخۆشی نین و ئەو گەشبینیەمان كەم دەكەنەوە لەبەرئەوەی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ئەو كەسانەی ماددە هۆشبەرەكان بە تایبەتیش (حەشیشە) بەكاردەهێنن ڕوو لە زیاد بوونە, ئەمەش دەبێتە هۆی زۆربوونی كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شیزۆفرینیا, لەبەرئەوەی وەك پێشتریش ئاماژەمان بۆ كرد ئەو ماددە هۆشبەرانە هۆكارن بۆ زوو دەركەوتن و خێراكردنی تووشبوون بە شیزۆفرینیا.


ده‌رونناس:دکتۆر که‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی

إرسال تعليق

[blogger]

MKRdezign

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.
Javascript DisablePlease Enable Javascript To See All Widget