شیزۆفرینیا / به‌شی یه‌که‌م



شیزۆفرینیا لە ترسناكترین نەخۆشییە ژیرییەكانە (الامراض العقلیة), لەبەرئەوەی لەلایەك تاوەكو ئێستا هۆكارەكانی نەزانراوە, لەلایەكی تریشەوە بە زۆری تووشی ئەو كەسانە دەبێت كە لەوپەڕی لاوی و قۆناغی بەرهەم هێنان و چالاكیدان. شیزۆفرینیا زاراوەیەكی پزیشكی دەروونییە و لە هەردوو ووشەی (شیزۆ) بەمانای دابەش بوون وە (فرینیا) بەمانای ژیری (عقل) پێكهاتووە, واتە مانای دابەش بوونی ژیری مرۆڤە.

بەڵام دابەش بوونی ژیری مانای ئەوە ناگەیەنێت كە ئەو مرۆڤەی تووشی شیزۆفرینیا بوو, ئیتر دەبێت بە چەند كەسێك و لەكەسایەتیەك زیاتری دەبێت, وەك زۆرجار گوێ بیستی جووتە كەسایەتی یان فرە كەسایەتی (معتدد الشخصیە) دەبین, بەڵكو مەبەست لەوەیە كە پڕۆسیسەكانی ژیری ئەو نەخۆشانە ناتوانن بەكار و فەرمانی ئاسایی خۆیان هەڵبستن و تووشی لێكترازان و تێكچوون دەبن. هەر لەبەرئەوەشە كە شیزۆفرینیا بە شێرپەنجەی ژیری دادەنرێت.


شیزۆفرینیا وەك زاراوە یەكەم جار لە لایەن زانایەكەوە كە ناوی (بلویلر) بوو بەكارهێنرا. (بلویلر) لەو باوەڕەدا بوو كە نەخۆشی شیزۆفرینیا لە چەند حاڵەتێكدا خۆی دەبینێتەوە و وەك نەخۆشییە ژیری و دەروونیەكانی تر یەك خاڵەتی نییە و چوار نیشانەی سەرەكی بۆ ناسینەوە و دیاریكردنی نەخۆشی شیزۆفرینیا دەستنیشان كرد, كە بریتین لە :-

1- تێك چوون و لێكترازانی پرۆسیسی بیركردنەوە و پچڕاندنی پەیوەندی نێوان بەشەكانی.
2- خۆیەتی, واتە گۆشەگیری و خۆ خواردنەوە و سووڕانەوە بە چوار دەوری خوددا و دوورە پەرێزی و دووركەوتنەوە لە كەسانی چواردەوور و كۆڕ و كۆبوونەوە و نقووم بوون لە جیهانی خەو و خەیاڵ و زێدە خەو و هەڵاوس و ئەوهام.
3- تێكچوونی باری سۆز و هەڵچوونی و گۆڕینی مەزاج و تووش بوون بە حاڵەتی (هەردەمەی لەسەر هەوایەك).
4- جووت هەستی (پنائیە الشعور), واتە نەخۆش دوو هەست و بۆچوونی جیاواز و دژیەكی بەرانبەر یەك بابەت یان یەك كەسی دیاری كراو لەلا دروست دەبێت.

شیزۆفرینیا یەكێكە لە نەخۆشییە عەقڵیەكان و هەندێك لە تاكەكانی كۆمەڵگا تووشی دەبن, كە جاری واهەیە (كە زۆر كەمە) بە یەكجار و كتوپڕ نیشانەكانی دەردەكەوێت و دوای ماوەیەك ئیتر بۆ هەتا هەتایە دەرناكەونەوە, بەڵام لەلای زۆربەی كەس كە تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن ئەوا بە زۆری دووبارە دەبێتەوە و تا چارەسەری گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوا بەردەوام وەك نەخۆشی شەكرە و پاڵەپەستۆی خوێن دووبارە و چەندبارە دەبنەوە.

ئەگەری ئەوە هەیە كە هەموو كەس تووشی ئەم نەخۆشییە ببێت, واتە تایبەت نییە بە تەمەن و چین و توێژ و نەتەوەیەك, بەڵام بەزۆری لە قۆناغی هەرزەكاری بەدواوە مرۆڤ تووشیان دەبێت و نیشانەكانی دەردەكەوێت, بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە منداڵ تووشی نابێت, بەڵكو منداڵیش تووشی شیزۆفرینیا دەبێت بەڵام زۆر بەكەمی ئامارەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن, كە ئەگەری ئەوە هەیە لە سەدا یەكی (1%) هەموو كۆمەڵگایەك تووشی ئەم نەخۆشییە ببن.

دەبێت هەموومان ئەو ڕاستییە بزانین كە شیزۆفرینیا مانای فرە كەسێتی یان جووت كەسێتی ناگرێتەوە, بەڵكو ئەوە هەڵەیە و لە ئەنجامی ڕاگەیاندن و درامای هەڵە و نازانستییەوە وا بڵاوكراوەتەوە كە ئەو كەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن, ئەوا دەبن بە دوو كەسێتی و هەرجارەی بە جۆرێك ڕەفتار دەكەن, بەڵكو هەریەك كەسێتی دەبێت, بەڵام پەیوەندی نێوان بەشەكانی كەسێتی (عەقڵی و هەڵچوونی و كۆمەڵایەتی و جەستەیی) تێكدەچێت.

نیشانەكانی نەخۆشی شیزۆفرینیا:-
1- تێكچوونی پڕۆسەی بیركردنەوە:-
كەسی تووشبوو بە شیزۆفرینیا توانای بیركردنەوەی مەنتیقی زۆر لاواز دەبێت و بیر و باوەڕی سەیر و سەمەرە و هەڵە و نادروستی لەلا دروست دەبێت, بۆ نموونە دەڵێت (كەسانێك لە بۆشایی و ئاسمان كۆنترۆڵی هەڵس و كەوت و بیركردنەوەی من دەكەن و من هیچ دەسەڵاتێكم نییە, كەسانی تر بیر و بۆچوونەكانی من دەدزن و دەزانن من چۆن بیردەكەمەوە, هەندێك كەس دەیانەوێت وەك ئەوان بیربكەمەوە و بیر و بۆچوونی خۆیانیان لە مێشكمدا چاندووە, خێزان و كەس و كارم موئامەرەم لێدەكەن و دەیانەوێت دەرمان خواردووم بكەن …هتد).

بەشێوەیەكی گشتی ئەم تێكچوونەی پڕۆسەی بیركردنەوە بە زۆر شێواز دەردەكەوێت كە گرنگترینیان ئەمانەی لای خوارەوەن:-
أ‌- نەبوون یان كەمی پەیوەندی لە نێوان بیروبۆچوونەكان:-
لە گرنگترین نیشانەكانی نەخۆشی شیزۆفرینیا ئەوەیە كە كەسی نەخۆش ناتوانێت بۆ ماوەیەكی زۆر سەقاڵی یەك جۆر بیركردنەوە بێت بەڵكو هەر دوای ماوەیەكی كەم بۆ بابەتێكی تر بازدەدات, سەرەڕای ئەوەش پەیوەندی زمانەوانی لە نێوان ڕستە و قسەكانیدا نییە و كەسی بەرانبەر ناتوانێت لە قسەكانی تێبگات یان بزانێت باسی چی دەكات, چونكە ڕستەی یەكەم تەواو ناكات دەڕوات بۆ ڕستەیەكی تر. هەندێك جار بە ڕستەشەوە ناوەستێت و دادەبەزێتە خوارەوە بۆ ئاستی ووشەكان و پەیوەندی لەنێوان ووشەیەك و ووشەیەكی تری هەمان ڕستەدا نامێنێت, كە بەمەش زۆربەی قسەكانی بریتی دەبێت لە ڕیزكردنی چەندەها ووشە كە هیچ پەیوەندییەك لە نێوانیاندا نییە و هیچ مانایەك نادەن بە دەستەوە.
ب‌- ناتوانێت بە ئاسانی و لە كاتی خۆیدا بەرانبەر تێبگەیەنێت و مەبەستی خۆی دیاری بكات, بەڵكو بە پێچەوانەوە هەر بە چواردەوری ناوەڕۆك و مانای ڕاسەقینەی باسەكەدا دێت و دەچێت و سەرقاڵی وردەكاری و ئەملا و ئەولا دەبێت و ناتوانێت بگاتە مەبەستی سەرەكی و كرۆكی بابەتەكەی.
ج- ناتوانێت لە بابەت و دیاردەكان تێبگات و سەرچاوەی كێشە و گرفتەكان دیاری بكات:-
واتە تەنها لە ڕواڵەت و دیوی دەرەوەی شتەكان تێدەگات و ناتوانێت لە مانای ڕاستەقینەی دیاردەكان تێبگات, بۆ نموونە كاتێك باسی پەندێكی كوردی وەك (ئەگەر گوڵ نیت دڕكیش مەبە) ی بۆ دەكەیت و پێی دەڵێیت مەبەستی ئەم پەندە چییە؟ ئەوا دەڵێت مەبەستی ئەوەیە (ئەگەر ناتوانیت گوڵ بیت دڕكیش مەبە) واتە تەنها وەرگێڕانی ئۆتۆماتیكی بۆ پەندەكە دەكات و لە مانای ڕاستەقینە و ناوەڕۆكی ئەو پەندە تێناگات.
د- وەستانی بیركردنەوە:-
هەندێكجار نەخۆش بیردەكاتەوە و قسەدەكات, بەڵام دوای ماوەیەكی كەم یەكسەر لە بیركردنەوە و قسەكردن دەوەستێت و وەك ئەوەی مێشكی جام بێت و هیچ بیر و بۆچوونێكی تێدا نەمێنێت و هەموویان سڕدرابنەوە, دوای ماوەیەك لە وەستان دووبارە دەست دەكاتەوە بە بیركردنەوە و قسەكردن, بەڵام بابەتێكی تر كە هیچ پەیوەندی بە بابەتەكەی پێشوویەوە نییە.
ه- فشار و تێكچوونی بیر و بۆچوونەكان:-
هەندێك لە نەخۆشەكان گلەیی و گازاندەی ئەوە دەكەن كە مێشكیان پڕبووە لە بیر و بۆچوون و وەك داوی جاڵجاڵۆكە بەناو یەكتریدا چوون و خەریكە مێشكی دەتەقێ, سەرەڕای ئەوەش تووشی كۆمەڵێك شڵەژانی بیر و بۆچوونی دەبێت لە ئەوانە (نەخۆش گلەیی ئەوە دەكات كە كەسانێك هەن دەیانەوێ بیر و بۆچوونەكانی بدزن و ئەوی لێبێبەش بكەن, یان هەندێك لە بیر و بۆچوونەكانی هی ئەو نین و هێزێكی دەرەكی بە زۆر كردوویەتیە ناو مێشكییەوە, یان بیر و بۆچوونەكانی دزراون و لە ڕێگای ڕادوێ و تەلەفیزۆنەكانەوە بڵاوكراونەتەوە, بۆیە هەموو خەڵكی ئەزانن ئەو بە نیازی چییە و چۆن بیردەكاتەوە).
و- بیر و باوەڕی وەهمی و نادروست و ناواقیعی:-
بریتییە لە ئەو بیر و باوەڕە هەڵە و نامەنتیقیانەی كە نەخۆش بڕوای تەواوی پێیانە و بە هیچ شێوەیەك وازیان لێناهێنێ و هیچ هێزێك لە دونیادا نییە لە مێشكی بیان هێنێتە دەرەوە. بۆ نموونە نەخۆش ئەو بڕوایەی لەلا دروست بووە كە بەردەوام كەسانێك هەن بە دوای ئەوەوەن و چاودێری دەكەن و بەردەوام كەمینی بۆ دادەنێن, یان ئەو لە ژێر كۆنترۆڵی هێزێكی دەرەكیدایە و تەنها ئەو هێزە ئەندامەكانی لەشی ئەو دەجوڵێنێ و ئەم هیچ دەسەڵاتێكی نییە, یان ئەو مەسیح و ئیمامی مەهدیە و بۆ ئەوە هاتووە كە مرۆڤایەتی ڕزگار بكات و تەنها ئەو دەتوانێت هێزی شەڕ لەناو ببات, یان گومان لە هاوسەرەكەی داكات و گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی كە ناپاكی لەگەڵ دەكات, بۆیە بەردەوام چاودێری دەكات و لە نزیكەوە ئاگاداری دەبێت, یان بڕوای وایە كە كەس و كاری ڕقیان لێیەتی و دەیانەوێت ژەهر بكەنە ناو خواردنەكەیەوە و دەرمان خواردی بكەن.

2- شڵەژانی لایەنی سۆز و عاتیفە و شعور:-
لەلایەنی سۆز و عاتیفەشەوە وەك كەسی ئاسایی مامەڵە ناكات و پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانیشی لاواز دەبێت و ناتوانێت بەشداری خۆشی و ناخۆشییەكانی كەسانی نزیكی بكات, بۆ نموونە زۆر بە سادە و سارد و سڕی باسی مردنی دایكی یان باوكی یان منداڵێكی ئازیزی دەكات وەك ئەوەی نەیناسێت و بێگانە بێت. سەرەڕای ئەوەش هەڵس و كەوت و ڕەفتاری لەگەڵ ڕووداوەكان و گۆڕانكاریەكانی چواردەوری ناگونجێت, بۆ نموونە كاتێك هەواڵێكی ناخۆش و دەڵتەزێن دەبیستێت ئەوا پێدەكەنێت, لە كاتێكدا لە ئەنجامی بیستنی هەواڵی خۆش دەست دەكات بە گریان.

3- تێكچوونی پڕۆسەی دركپێكردن:-
كەسی تووشبوو بە شیزۆفرینیا گوێبیستی هەندێك دەنگ دەبێت كە كەسانی تر نایبیستن, یان هەندێك شت دەبینێ كە ئەوانەی تەنیشتی نایبینن و لە واقیعدا هیچ بوونێكیان نییە, بەڵكو تەنها لە مێشك و دڵ و دەروونی ئەودا هەیە, واتە تووشی هەڵوەسە دەبێت و بە ئاشكراو بە دەنگی بەرز قسە دەكات و هەڵس و كەوتی جۆرا و جۆر دەكات وەك ئەوەی لەگەڵ یەكێك قسە بكات یان گوێبیستی دەنگێكی ڕاستەقینە ببێت و هەڕەشەی لێبكەن یان تاوانباری بكەن یان فەرمانی شتێكی پێبكەن.
ئەمەش بە پلەی یەكەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هاوسەنگی پێكهاتەی كیمیایی هەندێك بەشی مێشك تێكدەچێت و كار و چالاكییەكانی وەك پێویست كارناكات و بە هەڵە هەندێك شت لێكدەداتەوە, سەرەڕای ئەوەش بەبێ ئەوەی وروژێنەری واقیعی و ڕاستەقینە هەبێت ئەوا ئەو تێكچوونی هاوسەنگییە دەبێتە هۆی وروژاندنی ئەو خانانەی كە بەرپرسی بیستن و بینینن و ئەو هەڵوەسەی بیستن و بینینە دروست دەكەن.

4- ڕەفتار و هەڵس و كەوت:-
كەسی تووشبوو بە شیزۆفرینیا هەندێك ڕەفتاری سەیر و نامۆ و سەرنج ڕاكێش دەكات, بۆ نموونە بە شێوەیەكی سەیر دادەنیشێ یان چەندەها جووڵەی سەیر بە دەم و چاوی دەكات یان بە دەست و قاچی جووڵەی نائاسایی دەكات كە هیچ مانایەكیان نییە, یان بۆ ماوەیەكی زۆر وەك بەرد و تەختە گیانی ڕەق دەبێت و هیچ جووڵەیەك ناكات و بۆ ماوەی یەك كاتژمێر لەیەك شوێن ڕادەوەستێت.
نیشانە نێگەتیڤەكان:-
لەلای كەس تووشبوو بە شیزۆفرینیا هەندێك نیشانەی نێگەتیڤ دەردەكەوێت, بۆ نموونە گۆشەگیر دەبێت و حەز بە تێكەڵاوی كەسانی تر ناكات یان كەمتەرخەمی دەكات و گرنگی بە جل و بەرگ و پاك و خاوێنی خۆی نادات و حەز و ئارەزوو و گوڕ و تینی جارانی بۆ كاركردن و خوێندن نامێنێت و تووشی تەمبەڵی و سارد و سڕی دەبێت.

چۆنێتی دەست نیشانكردنی كەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا:-
پزیشك و دەروونزانەكان كۆمەڵێك نیشانە و مەرجیان بۆ دەست نیشانكردنی كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شیزۆفرینیا داناوە و كاتێك نیوەی یان زۆربەی ئەو نیشانانە لەلای هەر كەسێك هەبێت ئەوا ئەگەری ئەوەی لێدەكرێت كە تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا بوو بێت, لە گرنگترینیان ئەمانەی لای خوارەوەن:-
1- بیر و باوەڕی هەڵە و نامەنتیقی.
2- هەلاوس و بیستنی دەنگ و بینینی شتی ناواقیعی.
3- شڵەژان و تێكچوونی قسەكردنی.
4- ڕەفتاری نا ئاسایی و گیان ڕەق بوون یان بوون بە تەختە بۆ ماوەیەكی زۆر.
5- هاوبەشی نەكردنی خۆشی و ناخۆشیەكانی كەسانی نزیك و لاوازبوونی ئیرادە و كەم قسەكردن.
6- تێكچوون و لاوازبوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانی و كەمبوونەوەی گوڕ و تینی كاركردن و خوێندنی.
7- نابێت ئەو نەخۆشانەی تووشی لووی (ورم) مێشك بوون یان پەركەم و فێیان هەیە یان بیركۆڵن یان كەم و كورتی لە كۆئەندامی دەماری ناوەندیان هەیە یان ئەوانەی لە ئەنجامی ئالوودەبوون و خووگرتن بە ماددەی هۆشبەر تووشی شڵەژانی عەقڵی بوون, لەگەڵ كەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا تێكەڵ بكرێن.

تێبینی:- دەبێت بە لایەنی كەمەوە نیشانە سەرەكییەكان بۆ ماوەی یەك مانگ و ئەوانی تر بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام بێت. سەرەڕای ئەوەش هەموو پشكنینە سەرەكیەكان بۆ ئەو كەسانە بكرێت تاوەكو یەكلا دەبێتەوە كە تووشی شیزۆفرینیا بوون, چونكە نەخۆشییەكی درێژخایەنە و زۆربەیان پێویستیان بە چارەسەر و چاودێری بەردەوام هەیە.


ده‌رونناس:دکتۆر که‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی

إرسال تعليق

[blogger]

MKRdezign

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.
Javascript DisablePlease Enable Javascript To See All Widget