با هەموومان مامۆستا فەرمان خەرابەیی بین


نووسن: هاوكار عبدالله

قبوڵكردنی ڕەخنە بەڕاستی دڵێكی گەورەی دەوێت، سینەیەكی فراوانی گەرەكە، مرۆڤێكی خاكی و میهرەبانی پێویستە...
ساڵی پار كتێبێكی مامۆستا فەرمانم خوێندەوە، نووسینێكی كورتم وەك ڕەخنە و تێبینی لەسەر كتێبەكە بڵاوكردەوە بە ناوی (چۆن بۆخۆت پێتخۆشه‌ واشبه‌ بۆ خه‌ڵك!!!) دواتر مامۆستا فەرمان بە سینگێكی فراوان وڵامی دامەوە و وتی چونكە ڕەخنەكەت تەواو و لە جێی خۆی بوو، من لە پاداشتی ڕەخنەكەت كۆمەڵێك كتێب دەكەمە دیاری بۆ تۆ.... لەم چەند ڕۆژە مامۆستا كتێبەكانی بۆ ناردم، كە لام جوانترین و گەورەترین دیاریین بۆ ژیان.
حەزم كرد كەمێك لەسەر ئەم هەڵوێستە جوان و پڕ بەهایەی مامۆستا فەرمان بوەستم و لەگەڵ هەندێ خەڵكی ئەم سەردەمە بەراوردی بكەم...
ئاخر لەم زەمەنە دا كێ هەیە بەرگەی ڕەخنە بگرێت، كێ هەیە بڵێیت من هەڵەم تۆ ڕاستیت؟! ئینجا لە چینی مەلایانیش بێت، ڕاستیتان پێ بڵێم ڕەخنە لای زۆرینەی مامۆستایانی ئایینی جێگای قبوڵ نییە، ئەگەرچی ئەوان ڕەخنە لە زۆر خەڵك و شت ئەگرن بەڵام ڕەخنە بۆ ئەوان زۆر جار هێڵی سورە!!! ڕەنگە زۆرێكیان ئەم وتەی ئیمامی عومەریان هەر بیر نەبێت كە دەفەرمووێت: (ڕەحمەتی خوا لەو كەسەی كە هەڵەكانم نیشان ئەدات)، ئەم قسە جوانەی ئیمامی عومەر دەبوایە بەر لە هەموو كەسێك مامۆستایانی ئایینی پەیڕەوی بكەن... بەڵام بەداخەوە لە سەد مامۆستا یەك ئەگەر ئەم صیفاتەی تێدابێت... مرۆڤ نەك هەر ناتوانێ هەڵە پیشانی مامۆستای ئایینی بدات، بەڵكو نابێت تێبینییشی لەسەر هەڵەكانی هەبێت... ئینجا دەنگیشی لەسەر مینبەری پێغەمبەر (د.خ) بەرز دەكاتەوە... دەبێ وا بكەن و وابكەن.... بەڵام ئەگەر گوتت مامۆستا تۆ بۆ وا ئەكەی خۆ ئەم كارە ناشەرعیە، هەزار و یەك قیلە و قالت بۆ دێنێتەوە. مرۆڤ قەرزاریش ئەكاتەوە لە جیاتی دەستخۆشی.
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو من ڕەخنەیەكم لە مامۆستایەكی ئایینی گرت: وتم "حەزئەكەم بەیەكەوە دابنیشین لەسەر ئەم كارەی تۆ كە بەلای منەوە هەڵەیە" وتی: "ئینجا من لەگەڵ كێ دابنیشم" وا دیاربوو مامۆستا ئایینییەكە خۆی بە قوتبی ڕەبانی ئەزانی و منیش بە جاهیل. (مع الاسف) هەڵگری بڕوانامەی ماستەریشە!!!
بۆیە مرۆڤ كە هەندێ مامۆستای ئایینی دێنێـتە بەر چاوی خۆی و ئەم ڕەفتارەی بەڕێز خەرابەیی دەبینێت، هێشتا ئومێدمان دەبێت بە ژیان هەبێت.
لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ مامۆستای چاك و پاك و سینە فراوان.

مامۆستا فەرمان لە نامیلكەی (ڕاستییەكی ونبوو) چەند ساڵێك پێش ئێستا هەرچی پۆخڵەواتی ڕێكخراو و سەنتەرەكانی ژنانە بەدەری خستووە، بۆیە ئەوكات ئەو دەنگۆیە گەورەیەی بەدوای خۆیدا هێنا و بە دەیان خۆپیشاندانی ناڕەوای لە دژ كرا، بەڵام ئەو هەر بەردەوام بوو لە ڕاستی وتن، هەر ئەمەش وای لە نووسەرێكی وەك بەدران حەبیبی عەلمانی كرد وتارێك لە یەكێك لە ڕۆژنامەكانی كوردستان بنووسێت بە ناوی (بەرگرییەك لە مەلا فەرمان) كە ئەگەرچی بیر و باوڕی بەدران حەبیب 99% جیاوازە لە هەموو مەلایەكی كوردستان، بەڵام لەم نامیلكەیە سەد لە سەد پشگیری مامۆستا فەرمانی كرد، چونكە مامۆستا فەرمان بەبەڵگەوە قسەی كردبوو و ڕاستی دەرخستبوو.
جێی خۆیەتی ئێستا منیش بڵێم شانازی بە مامۆستایەكی وەك فەرمان خەرابەیی دەكەم كە لە پاداشتی تێبینی و ڕەخنە گرتن لێی، زمانی گوڵ بە كاردەهێنێت... 
بۆیە بە خۆم و هەموو لایەك دەڵێم "با هەموومان مامۆستا فەرمان خەرابەیی بین"

إرسال تعليق

[blogger]

MKRdezign

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.
Javascript DisablePlease Enable Javascript To See All Widget