هه‌موو به‌شه‌كان



بۆ ئه‌وه‌ی بزانن دڵتان ته‌ندروسته‌، ده‌بێت گرنگی به‌ نیشانه‌كانی بده‌ن كه‌ هه‌ندێكجار نیشانه‌كانی ئاشكرایه‌ و به‌ شێكی تری ئاشكرا نییه‌.


1ـ وزه‌یه‌كی زۆر:له‌ نیشانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی نه‌خۆشی دڵ، هیلاكی زۆره‌. ئه‌گه‌ر دوای رۆژێكی پڕ له‌ چالاكی هێشتا وزه‌ی ئه‌وه‌تان هه‌یه‌ بۆ میوانیه‌ك بڕۆن، ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دڵتان ته‌ندروسته‌.


2ـ لێدانی دڵ:به‌ هه‌ست كردن‌ لێدانی دڵتان كۆنترۆڵ بكه‌ن. لێدانی دڵی كه‌سێكی ته‌ندروست ده‌بێت 72 جار بێت له‌ هه‌ر خوله‌كێكدا و لێدانی 70-80 نیشانه‌ی دڵێكی ته‌ندروسته‌.


3ـ هه‌ناسه‌ دانی رێك:ئه‌وانه‌ی دڵیان لاوازه‌، هه‌ناسه‌ دانیان رێك نییه‌. ئه‌گه‌ر دوای سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر په‌یژه‌یه‌كدا، دووچاری كه‌می هه‌ناسه‌ ده‌بن كێشه‌ی دڵتان هه‌یه‌.


4ـ توڕه‌یی:ئه‌وانه‌ی دڵیان لاوازه‌، زوو توڕه‌ ده‌بن و كاتێك توڕه‌ ده‌بن ئاره‌قه‌ ده‌كه‌ن.


5ـ كۆنترۆڵی په‌ستانی خوێن:پێوسته‌ به‌رده‌وام په‌ستانی خوێن كۆنترۆڵ بكه‌ن. باشترین ئاستی په‌ستانی خوێن120.80.


6ـ توند بوونی ده‌روبه‌ری سینگ:كاتێك هه‌ست به‌ ره‌قی ده‌وروبه‌ری سینگ ده‌كه‌ن، نیشانه‌ی جه‌ڵته‌ی دڵی لاوازه‌، ئه‌گه‌ر تا ئێستا دووچاری ئه‌م حاڵه‌ته‌ نه‌بوون، دڵتان ته‌ندروسته‌.


7ـ نه‌بوونی كۆلیسترۆڵی زیان به‌خش:دوای ته‌مه‌نی 30 ساڵیه‌وه‌، پشكنین بۆ رێژه‌ی كۆلیسترۆڵ و گلیسیریدی خوێن بكه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كه‌ی ته‌ندروست بێت، دڵتان كێشه‌ی نییه‌.


8ـ تێستی سترێس:باشترين رێگه‌یه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كه‌ ئایا دڵتان له‌ژێر په‌ستاندایه‌ یان نا.


ـــــ

n r t 2



جۆرەكانی شیزۆفرینیا:-
نیشانە و خاسیەتەكانی هەموو ئەو كەسانەی كە تووشی شیزۆفرینیا دەبن وەك یەك نین و جیاوازی لە نێوانیان هەیە و لە جۆر و گروپێكەوە بۆ جۆر و گروپێكی تر دەگۆڕێ, دەروونزان و پزیشكەكان شیزۆفرینیا بەسەر چەند گروپێكدا دابەش دەكەن كە ئەمانەی لای خوارەوەن:-


1- هیبیفرینیا (Hebephrenia):-
ئەم جۆرە بە زۆری لە قۆناغی لاوێتیدا سەرهەڵدەدات و ڕەفتاری ئەو كەسانەی لە ئەم جۆرەن زۆر منداڵانەیە و پەنا بۆ میكانیزمی دەروونی (گەڕانەوە, نكوص) دەبەن واتە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی منداڵی و هەڵس و كەوتێك كە لەگەڵا تەمەنی ئەو كەسانەدا ناگونجێ, بۆ نموونە ئەو جۆرە نەخۆشانە بە ئاشكراو بە بەرچاوی خەڵكەوە خۆیان ڕووتدەكەنەوە و پەنا بۆ خووی نهێنی (دەستپەڕ) دەبەن و هیچ شەرم و حەیایەكیان وەك كەسانی ئاسایی نییە و بە هیچ شێوەیەك ڕەچاوی داب و نەریت و بەها كۆمەڵایەتی و ئاینییەكان ناكەن.
لەلایەكی تریشەوە زۆر خەمسارد و بێباكان و توانای خۆخستنە شوێنیان نییە و سۆز و عاتیفەیان وەك كەسانی ئاسایی نابێت, بۆ نموونە ئەگەر كەسێكی زۆر نزیكیشیان بمرێت ئەوان گوێی پێنادەن و وا هەست دەكەن كە كەسێكی بێگانە مردووە و ئەوان نایناسن. سەرەڕای بوونی هەڵوەس و قسە هەڵبزڕكاندن و قسەی نابەجێ, تەنانەت هەندێك جار كەسانی چواردەوریش لە قسەكانیان تێناگەن.

2- بەتەختەبوون (كەتاتۆنیا) (Catatonia):-
ئەوانەی كە لە ئەم گروپەن ئەوا زۆرجار وەك تەختە ڕەق دەبن و بۆ ماوەیەكی زۆر لە یەك جێگادا ڕادەوەستن یان دادەنیشن, تەنانەت ئاگاشیان لە كەسانی چواردەوریان نامێنێ و بە هیچ شێوەیەك ناجوڵێن, بۆ نموونە ئەگەر یەكێك یان خۆیان دەستیان بەرزبكەنەوە ئەوا دەست ناهێننە خوارەوە بەڵكو بۆ ماوەیەكی زۆر هەر دەستیان بۆ سەرەوە بەرز دەكەنەوە و نایگۆڕن وەك بەشێكی لەشی ئەوان نەبێت.
لەلایەكی تریشەوە كەسانی كۆمەڵایەتی پۆزەتیڤ و كارانین زۆرجار مان لە نانخواردن دەگرن یان زۆر عیناد و كەللەڕەق و شەڕخواز دەبن و قسە لەگەڵ كەس ناكەن و قسەشیان لەگەڵ بكرێت وەڵامی كەس نادەنەوە, سەرەڕای ئەوەش گرنگی بە پاك و خاوێنی خۆیان نادەن و ڕیش و سەریان ناتاشن و جلەكانیان ناگۆڕن.

3- سادە (Simple):-
بەدەگمەن كەسانی سەر بە ئەم گروپە نیشانە سەرەكییەكان و زەحمەتەكان لە لایان دەردەكەوێت, بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وردە وردە توانا و لێهاتوویەكانیان لە دەست دەدەن و وا دەردەكەون كە ئەمانە كەسانی كەم عەقڵ و بیركۆڵن و ئاگایان لە ئەم جیهانە نییە كە هەموومانی تێدا دەژین, واتە توانای لێك جیاكردنەوەی دیاردەكانی ژیانیان نییە و توانای پێشبینی كردن و بیركردنەوە لە داهاتوویان زۆر لاوازە, هەروەها هیچ تام و خۆشییەك لە ژیان نابینن, بۆیە گۆشەگیری و دوورەپەرێزی هەڵدەبژێرن, لە كاتێكدا هەڵوەسە و قسە هەڵبزڕكاندنیان زۆر كەمە.

4- شیزۆفرینیای دەروونی (العصابی) (Pseudoneurotic):-
بە زۆری ئەم جۆرە لە قۆناغی هەرزەكاری و لاوێتیدا سەهەڵدەدات و سەرەتا ئەم جۆرە كەسانە بە دەست هەندێك كێشە و گرفتی دەروونی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنن و دواتر بەرەو شیزۆفرینیا دەڕوات و نیشانەكانی شیزۆفرینیا لەلایان دەردەكەوێت. لە گرنگترین نیشانەكانی ئەم جۆرە ئەوەیە كە سارد و سڕ و هەندێك جار شەڕانی و توند و تیژ یان بێباك لە ژیان و ڕووداوەكانی, هەروەها زۆرجار گرنگی بە بابەتی سێكسی دەدات و زیاد لە پێویست خۆی پێوەخەریك دەكات, ئینجا ئەگەر ئەو نیشانانە بمێنێ و حاڵەتەكەش بەردەوام بێت و چارەسەرنەكرێت, ئەوا خاوەنەكەی بەرەو شیزۆفرینیای ڕاستەقینە دەبات.

پارانۆیا (Paranoia)
ناتوانین وەك پێویست لە شیزۆفرینیا تێبگەین, ئەگەر باسی پارانۆیا نەكرێت, كە هەرچەندە زۆر كەم و دەگمەنە و ژمارەیەكی زۆر كەم لە خەڵكی تووشی دەبن, بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گرنگی خۆی هەیە و پەیوەندیەكی بە هێزی بە شیزۆفرینیاوە هەیە, تەنانەت هەندێك لە زاناكان لە ئەو بڕوایەدان كە پارانۆیا بەشێكە لە شیزۆفرینیا و نەخۆشی و حاڵەتێكی جیا نییە.

خاسیەت و نیشانەكانی پارانۆیا:-
نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە كەم یان زۆر لەلای زۆربەی تاكەكانی كۆمەڵا هەیە, لەبەرئەوەی بوونی كەمێك لە ئەو نیشانانە لەلای كەسی نۆرمەڵا و ئاسایی پێویستە, بەڵام كاتێك زۆر دەبێت و لە ڕێژەی ئاسایی خۆی دەردەچێت, ئەو كاتە دەبێت بە نەخۆشی و گرفت بۆ خاوەنەكەی دروست دەكات. ڕەگەز و نیشانەی سەرەكی حاڵەتی پارانۆیا بریتیە لە نبوونی متمانە (پقە) و بڕوا بە خەڵكی, سەرەڕای گومانكردن لە نیەت و ڕاز و نیازیان, دەتوانین بە كورتی ئاماژە بۆ گرنگترین نیشانە و خاسیەتەكانی پارانۆیا بكەین, كە ئەمانەی لای خوارەوەن:-
1- بەردەوام گومانی لە كەسانی چواردەوری هەیە و متمانەیان پێناكات و بە چاوی ترس و دوودڵی سەیریان دەكات.
2- زۆر هەستیارە و بەردەوام لە كەمیندایە بۆ ئەوەی بچووكترین زانیاری دەربارەی ڕاز و نیازی كەسانی چواردەوری دەست بكەوێت و بە ئەو كارەش دڵخۆشی خۆی بداتەوە و گومان و دوودڵیەكانی ببێت بە ڕاستی.
3- بەردەوام پێشبینی فرت و فێڵ و تەڵەكە بازی و شتی خراپ لە كەسانی تر دەكات, سەرەڕای ئەوەش كەسانی چواردەوری چەند دڵسۆز و ڕاستگۆ بن, ئەوا ئەم هەر گومانیان لێدەكات.
4- لە ئەو بڕوایەدایە كە ڕەفتار و هەڵس و كەوت و قسەی كەسانی تر دژی ئەون.
5- بەردەوام بە ئەو ئاڕاستەیە كاردەكات كە مانای دوای ووشەكان و مەبەستی ڕاستەقینەی ڕەفتار و هەڵس و كەوتەكان بزانێ و بە ناخ و قوڵایی مانای شتەكاندا بچێتە خوارەوە, چونكە لە ئەو بڕوایەدایە كە هەموو ووشەیەك دوو جۆر مانای هەیە, یەكەمیان ڕواڵەت و دیارە ئەوی تریان شاراوە و مانادارە.
6- هەموو لۆمە و ڕەخنە و گلەیەكانی كەسانی تر ڕەتدەكەنەوە و هەست بە بەرپرسیاریەتی ناكەن و لە ئەرك و چالاكییەكانی ژیانی ڕۆژنای خۆیان ڕادەكەن سەرەڕای ئەوەش بەرپرسیاریەتی سەرنەكەوتنەكانی خۆیان دەخەنە ئەستۆی كەسانی تر.
7- زۆربەی كات لە حاڵەتێكی گرژی و هەڵچوونیدا دەژین و زۆر بە پرتە و بۆڵە و گلەین.
8- زۆر حەز بە ڕواڵەت و چوونە ناو وردەكاریەكان و گەڕان بە دوای پەراوێز و لێكدانەوەی دیاردەكانی ژیان دەكات.
9- نیشانەكانی حەسوودی و غیرە و سارد و سڕی عاتیفی لەلایان دیار و باوە.

جۆرەكانی پارانۆیا
پارانۆیا چەند جۆرێكی هەیە كە بە پێی سروشت و ناوەڕۆكی وەهم و بیر و باوەڕە نادروستەكان جیاوازن, لە گرنگترین جۆرەكانیشی ئەمانەی لای خوارەوەن:-
1- پارانۆیای چەوساندنەوە (الاضطهادیە):-
ئەم جۆرە لە گرنگترین و دیارترین جۆرەكانی پارانۆیایە, كەسانی تووشبوو بە ئەم جۆرە مێژوویەكی دوور و درێژیان لەگەڵ گومان و دوودڵی و بێ متمانەیی بە كەسانی چواردەور هەیە, واتە ئەم جۆرە كەسانە لە ئەو بڕوایەدان كە كەسانی تر دەیچەوسێننەوە و مافەكانی پێشێل دەكەن و پلانی لەناوبردی دادەڕێژن و زۆربەی كەس بە دوژمنی خۆی دەزانێ و جاری واش هەیە شەڕانی و توند و تیژ دەبێت و هێرش دەكاتە سەركەسانی بێتاوان بە بیانووی ئەوەی ئەو كەسانەی دەیانەوێ ئازاری بدەن بۆیە ئەو دەست پێشخەری كردووە و پەلاماری ئەوانی داوە.
2- پارانۆیای لووتبەرزی و خۆبە گەورەزانین (العظمە):-
خاوەنی ئەم جۆرە خۆی زۆر بەگەورە دەزانێ و هەندێكجار دەڵێ من نێردراوی خودام بۆ سەر زەوی یان من محمدی مەهدیم و تەنها من دەتوانم جیهان لە خودانەناسان پاك بكەمەوە یان من گەورەترین شۆڕشگێڕم. واتە مێشكی پڕە لە ئەو جۆرە بۆ چوونانە و بەردەوام خۆی پیشان دەدات كە گەورەترین هێز و دەسەڵاتی هەیە و دەبێت هەموو كەس ملكەچی ئەو بن.
3- پارانۆیای شەهوانی و هەوەسبازی (الشهوانیە):-
وەهم و خەیاڵی ئەم جۆرە كەسانە ئەوەیە كە وا لە كەسانی چواردەوری دەگەیەنێ ئەو خۆشەویست و سەرنج ڕاكێشە و چەندەها كەسی ناوداری وەك ئەكتەرەكانی سینەما یان گۆرانی بێژی ناودار یان شاژن و خاوەن دەسەڵاتدارەكان خۆشیان دەوێ و بەردەوام داوای پەیوەندی لەگەڵ دەكەن, بەڵام ئەم زۆربەیان ڕەتدەكاتەوە, واتە سوارچاك و دۆنجوانی سەردەمی خۆیەتی.
4- پارانۆیای هاوسەرگیری:-
لە ئەم جۆرەدا هەموو وەهم و خەو و خەیاڵی كەسی تووشبوو بە ئەم حاڵەتە دەربارەی هاوسەرەكەیەتی, سەرەتا بە ڕەخنەگرتن و گلەیی و گازاندە لە هاوسەرەكەی دەست پێدەكات, دواتر تەشەنە دەكات و بەرەو گومان و دوودڵی دەڕوات, تا لە كۆتایدا دەبێت بە وەهم و بیر و باوەڕێكی نەگۆڕ كە هاوسەرەكەی ناپاكی لەگەڵ دەكات و دڵسۆزی نییە و وەك جاران خۆشی ناوێ, بەڵكو دەیەوێت پلانی لە ناوبردنی بۆ دابنێ. كە ئەم وەهم و خەیاڵ و بیر و باوەڕە نادروست و نامەنتیقیانە پاڵی پێوەدەنێ و دوور نییە ڕەفتار و هەڵس و كەوتی نابەجێ و مەترسیدار بەرانبەر هاوسەرەكەی بكات.

ــــــــــــــــــــــ
به‌شی چواره‌م و کۆتایی


چۆنێتی خۆپاراستن لە شیزۆفرینیا
خۆپاراستن زۆر پێویستە بۆ ئەو خێزانانەی كە بۆماوە یەكێك یان زیاتر لە یەكێك لە بەرەباب و ئەندامانی خێزانەكانیان تووشی شیزۆفرینیا بوون, چونكە ئەگەری ئەوە هەیە كە لە ڕێگای بۆ ماوەوە بۆ تاكەكانی تری ئەو بەرەباب و منداڵەكانیان بگوێزرێتەوە, ئینجا بۆ ئەوەی ئەگەری گواستنەوە و تووشبوونی تاكەكانی تری خێزانەكانیان كەم بكەینەوە ئەوا زۆر پێویستە خۆیان بپارێزن و ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بكەن:-

1- خۆپاراستن لە قۆناغی پێش لە دایك بوون, ئەم قۆناغە زۆر گرنگە و دەبێت كەس و كاری دایكی دووگیان و ئافرەت بۆ خۆشی ئاگاداری مەترسییەكانی ئەم قۆناغە بن, بۆنموونە دەبێت ئافرەتی دووگیان خواردنی باش بخوات و نەهێڵدرێت تووشی بەدخۆراكی ببێت, هەروەها خۆی بپارێزێ لە نەخۆشییەكانی ئەنفلۆزا و پشكنینی پێویست بۆ خوێنەكەی بكات و نابێت (RH) مێردەكەی (+) بێت و هی خۆشی (-), وە دەبێت بۆ هەموو نەخۆشی و حاڵەتەكان لە كاتی خۆیدا چارەسەری پێویست وەربگرێت سەرەڕای ئەوەش دەبێت لە نەخۆشخانە و لە ژێر چاودێری پزیشكی پسپۆڕدا منداڵەكەی ببێت.

2- نابێت بە هیچ شێوەیەك لە ماددەی هۆشبەر بە تاییەتیش حەشیشە نزیك بكەونەوە و زۆر پێویستیشە دایك و باوك ئاگاداری كوڕ و كچە هەرزەكارەكانیان بن و ڕێنمایی پێویستیان بكەن و لە جێگا و برادەری خراپ دووریان بخەنەوە.

3- تادەكرێت كوڕ و كچانی ئەو جۆرە خێزانانە هاوسەرگیری لەگەڵ كەسانی تری دەرەوەی بەرەباب و خزم و كەسی خۆیان بكەن, چونكە كاتێ كوڕ و كچ خزمی یەكتری دەبن و هاوسەرگیری دەكەن ئەوا ئەگەری تووشبوون بە شیزۆفرینیا زیاتر دەبێت, لەبەرئەوەی بۆماوە ڕۆڵی سەرەكی هەیە لە تووشبوون بە ئەم نەخۆشییە.

4- زۆر پێویستە پەیوەندی نێوان ژن و مێرد زۆر خۆش بێت و شەڕ و ئاژاوە لە نێوانیان نەبێت, لەبەرئەوەی كەش و هەوای خێزانی پڕ لە كێشە و گیروگرفت و دكتاتۆری و زۆرە ملێیی, هۆكاری یارمەتیدەرە بۆ دەركەوتنی نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە لەلای ئەو كەسانەی ئامادەباشی بۆماوەیان هەیە.

چارەسەری كەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا:-
كۆمەڵێك بنەما هەیە ڕۆڵی گرنگیان لە چارەسەركردنی نەخۆشی شیزۆفرینیا هەیە و دەبێت پەیڕەویان بكەین, كە ئەمانەی لای خوارەوەن:-

1- پەیوەندی پتەوی نێوان نەخۆش و پزیشك یان چارەسەركاری دەروونی و كەس و كاری نەخۆش زۆر گرنگە و فاكتەری سەرەكییە بۆ زوو چاك بوونەوەی نەخۆش, لەبەرئەوە زۆر گرنگە كە دەبێت پزیشك یان چارەسەركاری دەروونی و كەس و كاری نەخۆش پەیوەندی بەهێز و خۆشەویستی لەگەڵ كەسی نەخۆش دابنێن و نەخۆش لە گەڵیان هەست بە ئارامی و ئاسایش و دڵنیایی و خۆشەویستی بكات. بەڵام ئەگەر ئەو پەیوەندییە خراپ بێت و رێزی نەخۆش نەگیرێ و لە نرخی كەم بكرێتەوە یان بە چاوی نزم سەیری بكرێت, ئەوا نەخۆشییەكەی خراپتر دەبێت و هیچ سوود لە چارەسەركردن وەناگرێت.

2- دەبێت هەر نەخۆشە و مامەڵەی تایبەت بە خۆی لەگەڵ بكرێت و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە و نابێت یەك جۆر چارەسەر بۆ هەموو نەخۆشەكان دابنرێت, لەبەرئەوەی جیاوازی تاكی لە نێوان نەخۆشەكان هەیە و دوور نییە هۆكار تووشبوونیشیان جیاواز بێت. لەلایەكی تریشەوە زۆر هەڵەیە كە تەنها یەك جۆر چارەسەر بەكاربهێنرێت, بەڵكو دەبێت هەموو جۆرە چارەسەرەكانی وەك (داو و دەرمان و دەنكۆڵە (حەپ) و دەروونی و كۆمەڵایەتی و خێزانی و ڕاهێنانی پیشەیی) بەكاربهێندرێت.

3- نابێت ئامانجی چارەسەركردن تەنها ئەوە بێت كە نیشانەكانی نەخۆشییەكە نەهێڵدرێت, بەڵكو دەبێت دووبارە نەخۆش بۆ ژیانی خێزانی و كۆمەڵایەتی و پیشەیی ئامادەبكرێتەوە و بگەیەندرێتە ئاستێك كە بتوانێت ژیانی ئاسایی خۆی بژی و هەست بە كەمی و بێدەسەڵاتی و كەم نرخی خۆی نەكات.

4- دەبێت بە تەواوی پشكنینی پێویست بۆ نەخۆش بكرێت و دڵنیا بن كە تووشی شیزۆفرینیا بووە ئینجا بیر لە چارەسەر بكرێتەوە, لەبەرئەوەی نیشانەكانی شیزۆفرینیا وەك نیشانەكانی هەندێك نەخۆشی تر وایە, ئەگینا بە هەڵە دەست نیشان دەكرێت, ئەو كاتەش چارەسەر هیچ سوودێكی نابێت, لەبەرئەوەی ئەو نەخۆشی شیزۆفرینیای نییە و ئەو چارەسەرەش بۆ ئەو نەخۆشییەی ئەو گونجاو نییە.

5- پێویستە كاتی گونجاو بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی كەسی نەخۆش بۆ ناو كۆمەڵگا و سەر كار و پیشەكەی دیاری بكرێت, واتە نابێت دوای چارەسەر بە ماوەیەكی زۆر كەم بۆ سەر كارەكەی بگەڕێندرێتەوە لەبەرئەوەی هێشتا بەتەواوی چاك نەبۆتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە كە بە بچووكترین شت هەرەس بهێنێ و زوو ماندوو ببێت و بەرگەی فشار و هیلاكی كارەكەی نەگرێت, لەلایەكی تریشەوە نابێت دوای ماوەیەكی زۆر لە چارەسەر ئینجا بۆ سەر كار و پیشەكەی بگەڕێندرێتەوە چونكە ئەو ماوە زۆرە وای لێدەكات كە بڕوای بە خۆی نەمێنێ و بە چاوی گومان سەیری خۆی بكات و متمانەی بە تواناكانی نەمێنێ, لەبەرئەوە دەبێت كاتەكە نەزۆر بێت و نەكەم.

6- ئەوەی زۆر گرنگە دەبێت نەخۆشی تووشبوو بە شیزۆفرینیا لەسەر وەرگرتن و بەكارهێنانی دەنكۆڵە(حەپ) و دەرمانەكانی بەردەوام بێت بە پێی رێنمایی و ئامۆژگاریەكانی پزیشكی تایبەت و لە خۆیەوە وازیان لێنەهێنێ, لەبەرئەوە ڕازی كردنی نەخۆش و هاندانی بۆ بەردەوام بوون لەسەر بەكارهێنانی دەنكۆڵە (حەپ) و دەرمانەكانی زۆر گرنگە.

7- چارەسەركردن و چاكبوونەوەی نەخۆش بەبێ هاوكاری و یارمەتی خێزان نابێت, لەبەرئەوە زۆر پێویستە كە دایك و باوك و خوشك و برا ڕۆڵی گرنگیان هەبێت و بەپێی ڕێنمایەكانی پزیشكی تایبەت مامەڵە لەگەڵ كەسی نەخۆش بكەن و بە چاوی سووك سەیری نەكەن و تیر و توانجی تێنەگرن, بە پێچوانەوە زۆر گرنگە زانیاری پێویستیان دەربارەی ئەم نەخۆشییە و نیشانەكانی و هۆكار و ڕێگاكانی چارەسەركردنی هەبێت, بۆ ئەوەی ئەمانیش لە پاڵا پزیشك و چارەسەركاری دەروونی ڕۆڵی پۆزەتیڤیان هەبێت و فاكتەرێك بن بۆ زوو چاك بوونەوەی ڕۆڵە و خوشك و براكانیان.

ڕۆڵی خێزان لە ئەم خاڵانەی لای خوارەوەدا گرنگ و پێویستە:-
أ‌- زانیاری پێویست كۆبكەنەوە دەربارەی ئەم نەخۆشییە و چۆنێتی خۆپاراستن و یارمەتیدانی نەخۆش و چۆنێتی مامەڵەكردن لە تەكیا لە كاتی تووڕەبوون و وەرنەگرتنی چارەسەر و حەپ و دەرمان یان لە ئەو كاتانەی ڕەفتار و هەڵس و كەوتی نابەجێ دەكات.
ب‌- ڕەخساندنی كەش و هەوای گونجاو و دروست لە ناو خێزان و دووركەوتنەوە لە شەڕ و ئاژاوە و ناخۆشی, سەرەڕای ئەوەش دەبێت ڕێزی نەخۆشەكەیان بگرن و ئەگەر ڕەفتار و هەڵس و كەوتێكی نادروستی كرد لێی قبوڵ بكەن, لەبەرئەوەی نەخۆشە و زۆرجار بە بێ ویستی خۆی ڕەفتار و هەڵس و كەوتی نائاسایی دەكات.
لەلایەكی تریشەوە زۆر پێویستە بە پێی خشتەیەك, ئەندامانی خێزان كار و چالاكییەكان و چۆنێتی یارمەتیدانی نەخۆشەكەیان دابەش بكەن, بۆ نموونە یەكێكیان تەنها بەرپرس بێت لە پێدانی حەپ و دەرمان و وەرگرتنی چارەسەرەكانی, یەكێكی تریان پێویستە لە خواردن یان پاك و خاوێنی یان چوونە دەرەوە لەگەڵی بەرپرس بێت, چونكە نابێت تەنها دایك یان باوك هەر خەریكی ئەو كەسە نەخۆشە بێت و فشارێكی زۆری لەسەر بێت و دواجار لە پەل و پۆ بكەوێت و نەتوانێت وەك پێویست خزمەتی بكات.

8- خواردنی باشی پڕ لە ڤیتامین و پڕۆتین و ڕەگەزەكانی تری خۆراك زۆر گرنگە واتە دەبێت لە پاڵ چارەسەرەكانی تر گرنگی تەواو بە جۆری خواردنی نەخۆش بدرێت بۆ ئەوەی تووشی بەدخۆراكی نەبێت و زووتر چاك ببێتەوە.


ده‌رونناس:دکتۆر که‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی



ئایا دەتوانرێت لە سەرەتای ژیان و لە تەمەنێكی بچووكدا كەسی تووشبوو دەست نیشان بكرێت؟
ئەگەر دایك و باوك هەر لە منداڵییەوە سەرنجی ڕەفتار و هەڵس و كەوتی منداڵەكانیان بدەن, ئەوا دەتوانن لە كاتی خۆیدا كەم و كورتییەكانیان دەست نیشان بكەن و زوو فریایان بكەون, بەڵام پشتگوێخستنی نیشانەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكان دەبێتە هۆی دواخستنی دەست نیشانكردن و چارەسەركردنی منداڵەكانیان ئینجا بۆ ئەوەی دایك و باوك لە ئەم كارەیاندا سەركەوتوو بن, دەبێت بزانن


نیشانەكانی نەخۆشی شیزۆفرینیا كامانەن, لە گرنگترین نیشانەكانیش ئەمانەی لای خوارەوەن:-
1- دووركەوتنەوە لە كەسانی تر و حەزكردن بە تەنهایی و گومانكردن لە خەڵكی.
2- پشتگوێخستنی پاك و خاوێنی و گرنگی نەدان بە جل و بەرگ و ڕواڵەتی خۆیان.
3- بوونی وەسواسی و ڕاڕایی و عەمەلی.
4- پێكەنینی بەبێ هۆ و لە ناكاو.
5- نەبوونی وریایی و بەئاگایی و لاوازی مامەڵەی دروست لەگەڵا كەسانی تر.
6- تێكچوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و نزمبوونەوەی ئاستی خوێندن و فێربوونی.
7- هەندێكجار باسی هەندێك شتی نامەعقوڵی وەك (جنۆكەم بینیوە, قسەم لەگەڵا دێو و درنج كردووە).
8- باش قسەنەكردن و بەزەحمەت تێگەیشتن لە قسەكانیان.
9- نقوومبوون لە ئاین و زیادەڕۆیكردن تیایدا بە جۆرێكی نائاسایی.
10- زوو زوو ماندووبوون و حەزكردن بە خەوتن.
كاتێك دایك و باوك هەستیان بە ئەوە كرد كە ژمارەیەكی زۆر لە ئەو نیشانانەی سەرەوە لەلای یەكێك لە منداڵەكانیان دەركەوتووە, ئەوا دەبێت پەیوەندی بە كەسی پسپۆڕەوە بكەن و پشكنینی پێویستی بۆ بكرێت, بۆ ئەوەی دڵنیابن لە ئەوەی كە منداڵەكەیان تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا نەبووە, وە ئەگەر خوانەخواستە ئەگەری تووشبوونیش هەبوو, ئەوا دەتوانن لە كاتی خۆیدا چارەسەری بكەن و نەهێڵن لێی پیس بكات.

هەندێك خورافیات و بۆچوونی هەڵە دەربارەی نەخۆشی شیزۆفرینیا:-
1- هەندێك كەس لە ئەو بڕوایەدان كە ئەوەی تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا ببێت ئەوا بە هیچ شێوەیەك چاك نابێتەوە. لە ڕاستیدا ئەو بۆچوونە هەڵەیە و هەندێك حاڵەتی شیزۆفرینیا چاك دەبێتەوە, بەڵام ئەوانەش كە چاك نابنەوە, مانای ئەوە نییە كە بێ هیوا بن و دەست لە ئەژنۆ دابنیشن, بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەگەر بە پێی خشتەی دیاریكراو و لە كاتی خۆیدا چارەسەرەكانیان وەربگرن ئەوا وەك كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەكرە و فشار و پاڵەپەستۆی خوێن و سستی و لاوازی گورچیلەكان ژیانی ئاسایی خۆیان دەژین.

بەڵام ئەوەی جێگەی داخە كەس بە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەك شەكرە و ئەوانی تر ناڵێت بێ هیوا بن و چارەسەر نییە, كەچی بە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشییەكی درێژخایەنی وەك شیزۆفرینیا دەڵێن هیچ چارەسەری نییە و ئەو جۆرە نەخۆشانە بێ هیوا و خەفەتبار دەكەن. لەبەرئەوە زۆر گرنگە كە دایك و باوك و كەس و كاری نەخۆشی شیزۆفرینیا گوێ لە ئەو قسە و قسەڵۆكانە نەگرن لەسەر هاوكاری و یارمەتیدانی نەخۆشەكانیان بەردەوام بن و ڕۆژێك دێت بەروبوومی ئەو ماندووبوونەیان بدوورنەوە.

2- كەسی تووشبوو بە نەخۆشی شیزۆفرینیا دوو كەسێتی جیاوازی هەیە:-
ئەمەش بۆچوونێكی تری هەڵەی هەندێك كەسە و لە ئەنجامی بینینی هەندێك فیلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنییەوە ئەو بیر و باوەڕە هەڵەیان لا دروست بووە, ڕاستیەكەی ئەوەیە كە كەسی نەخۆش تەنها یەك كەسێتی هەیە و بە هیچ شێوەیەك دوو كەسێتی جیاوازی نییە و كەسێتی بەش بەش و دوولەت نابێت, بەڵكو بیر و بۆچوون و سۆز و عاتیفە و ڕەفتاری تووشی شڵەژان و پەرتەوازەیی دەبێت نەك كەسێتی.

3- كەسی تووشبوو بە شیزۆفرینیا بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت ئیش و كار بكات:-
ئیش و كار پەیوەندی بە ئاستی تووشبوون بە ئەو نەخۆشییە و جێگیری حاڵەتەكەوە هەیە, واتە كاتێك نەخۆشەكە لە ئاست و پلەیەكی گونجاودا دەبێت و حاڵەتی نەخۆش جێگیرە و لەسەر وەرگرتنی چارەسەرەكانی بەردەوامە, ئەوا دەتوانێت لەسەر ئیش و كاری خۆی بەردەوام بێت, نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت كە ئیشەكردنی نەخۆش و چوونە ناو كۆڕ و كۆبوونەوە و خەڵك زۆر گرنگە و هۆكاری یارمەتیدەرە بۆ زوو چاك بوونەوەی نەخۆش.

4- كەسی تووش بوو بە شیزۆفرینیا مەترسی لەسەر خودی خۆی و كەسانی تریش هەیە:-
ئەگەر نەخۆش لە كاتی خۆیدا دەست نیشانی حاڵەتەكەی بكرێت و بە پێی ڕێنمایەكانی پزیشك داو و دەرمان و حەپ و چارەسەرەكانی وەربگرێت و كەسانی چواردەوری مامەڵەی دروستی لەگەڵدا بكەن, ئەوا ئەو كاتە كەسی نەخۆش مەترسی لەسەر كەسانی چواردەوور و خودی خۆی زۆركەم دەبێت و دەكرێت بە مامەڵەی دروست وای لێبكرێت كە هیچ ڕەفتارێكی هەڵە و نابەجێ نەكات.

5- پەروەردەی هەڵە بەرپرسە لە تووشبوون بە شیزۆفرینیا:-
لە ڕاستیدا هیچ كات پەروەردەی هەڵە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ نابێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا, بەڵام دەتوانین بڵێین كە لێكترازانی خێزان و شەڕ و ئاژاوە و ناخۆشی و فشاری زۆر لەسەر تاك هۆكاری یارمەتیدەرە بۆ تووشبوونی ئەو كەسانەی كە هەر بە بۆماوە ئامادەباشیان هەیە بۆ ئەو نەخۆشییە. واتە ئەگەر كەسێك ئامادەباشیشی هەبێت, بەڵام ژینگەی خێزانی و كۆمەڵایەتی گونجاو و لە باربێت ئەوا ئەگەری زۆرە كە تووشی شیزۆفرینیا نەبێت.

هۆیەكانی تووشبوون بە شیزۆفرینیا:-
هەرچەندە تاوەكو ئێستا هۆكاری ڕاستەقینەی تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا نەزانراوە, بەڵام زۆربەی زانایان لە ئەو بڕوایەدان كە شیزۆفرینیا نەخۆشییەكە تووشی مێشكی مرۆڤ دەبێت و بنەمای بایۆلۆژی خۆی هەیە و دواتر هۆكارە ژینگەیەكان (دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی) گەشەی پێدەكەن یان بە خەفەكراوی دەیهێڵنەوە. واتە ئەمانەی خوارەوە بە گرنگترین هۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا دادەنرێن:-

1- بۆماوە:-
بەبڕوای زۆربەی زانایان بۆماوە ڕۆڵی سەرەكی هەیە, بەڵگەش بۆ ئەوە ئامارەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەگەری ئەوە هەیە لە سەدا یەكی (1%) خەڵكی تووشی شیزۆفرینیا ببن, بەڵام ئەم ڕێژەیە بۆ لە سەدا دە (10%) بەرز دەبێتەوە لە لای ئەو كەسانەی كە كەسێكی نزیكی پلە یەكیان (باوك و دایك و خوشك و برا) پێشتر تووشی ئەو نەخۆشییە بووبێت, وە ئەم ڕێژەیە بۆ لەسەدا پەنجا (50%) بەرز دەبێتەوە لە لای ئەو كەسانەی كە جمك و دوانەن و یەكێكیان تووشی ئەو نەخۆشییە بووە.

2- كیمیای مێشك:-
كاتێك كە هاوسەنگی گوێزەرەوە دەماریەكان (النواقل العصبیە) تێكدەچێت ئەوا نیشانەكانی نەخۆشی شیزۆفرینیا لە لای ئەو كەسانە دەردەكەوێت كە ئەو هاوسەنگییەیان تێكچووە, واتە ئەو كەسە گوێبیستی هەندێك دەنگ دەبێت كە لە واقیعدا بوونیان نییە و كەسانی چواردەوری ئەو جۆرە كەسە هیچ نابیستن یان هەندێك بیر و باوەڕی هەڵە و نامەنتیقیان لە لا دروست دەبێت. لە گرنگترین گوێزەرەوە دەماریەكانیش (دۆپامین)ە, بەڵگەش بۆ ئەوە كاتێك چارەسەری ئەو جۆرە كەسانە دەكرێت و ماددەی دۆپامین دەگەڕێتەوە ئاستی خۆی ئەوا دوای ماوەیەكی كەم زۆربەی ئەو نیشانانەی سەرەوە نامێنن.
لەلایەكی تریشەوە ئاماژە بۆ كاریگەری پێكهاتەی كیمیایی سیرۆتۆنین دەكرێت و بە هۆكارێك لە هۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا ناو دەبرێت, بە بڕوای هەردوو زانا (ولی و شاو) (Wollley & Shaw) تێكچوونی هاوسەنگی ئەم ماددەیە لە مێشكدا دەبێتە هۆی دەكەوتنی نیشانەكانی شیزۆفرینیا.

3- كەم و كورتی لە بونیاد و پێكهاتەی مێشك:-
هەندێك لە دەرئەنجامی توێژینەوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە كاتێك پشكنینیان بۆ هەندێك كەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا كردووە دەركەوتووە كە كەم و كورتیان لە هەندێك بەشی مێشكیان هەیە, بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك كەسی تریش تووشی ئەو نەخۆشییە بوون بەڵام هیچ كەم و كورتیەك لە مێشكیاندا نییە, لە لایەكی تریشەوە دەرئەنجامی هەندێك پشكنینی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هەمان كەم و كورتی لە هەمان بەشی مێشك خاوەنەكانیانی تووشی نەخۆشی دەروونی تر كردووە نەك نەخۆشی شیزۆفرینیا, ئەمەش مانای ئەوەیە كە مەرج نییە هەموو كاتێك ئەو كەم و كورتییانە مرۆڤ تووشی شیزۆفرینیا بكات.

4- ماددە هۆشبەرەكان (المخدرات):-
سەرەتا زاناكان لە ئەو بڕوایەدا بوون كە ماددە هۆشبەرەكان هۆكاری یارمەتیدەرن بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا, واتە ئەو كەسانەی كە ئامادەباشی بۆماوەییان هەیە ئەوا بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان دەبنە هۆی خێراكردن و زوو تووشبوون بە ئەو نەخۆشییە, بەڵام دواتر دەرئەنجامی توێژینەوەیەك كە لە گۆڤاری پزیشكی دەروونی بەریتانی لە ساڵی (2004) بڵاوكرایەوە, ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر هۆكاری یارمەتیدەر نییە بەڵكو هۆكارێكی گرنگ و سەرەكییە بۆ تووشبوون بە شیزۆفرینیا, بە تایبەتیش بەكارهێنانی ماددەی (حەشیش) لە تەمەنی هەرزەكاریدا, لەبەرئەوە زۆر پێویستە دایك و باوك ئاگاداری هەرزەكارەكانیان بن و لەمەترسی ئەو ژەهرە كوشندەیە بیان پارێزن.

5- هۆكاری ژینگەیی و دەروونی:-
دەركەوتووە كە كۆمەڵێك هۆكاری ژینگەیی, ڕۆڵی ئاسانكار و یارمەتیدەریان هەیە بۆ زوو دەركەوتن و سەرهەڵدانی نەخۆشی شیزۆفرینیا لەوانە (تووشبوونی دایكی دووگیان بە ڤایرۆسی ئەنفلۆزا, تووشبوونی منداڵی ساوا بە نەخۆشی ئیلتیهابی ڤایرۆسی (ئەنفلۆزا), بە زەحمەت لە دایك بوونی منداڵ, پەروەردەی هەڵە و فشاری دەروونی زۆر, دیكتاتۆری یەكێك لە دایك و باوك و سوكایەتی پێكردنی منداڵا …هتد).

فرۆیدیش لەو باوەڕەدایە كە كارەسات و زەبری دەروونی سەردەمی منداڵی, مرۆڤ تووشی شیزۆفرینیا دەكات. بافلۆفی ڕووسیش دەڵێت بەشێكی مێشكی ئەو كەسانەی كە تووشی شیزۆفرینیا دەبن تووشی وەستان و لە كاركەوتنی كاتی دەبێت و ناتوانێت بە كاری ئاسایی خۆی هەڵبستێت و وروژێنەرە ئاساییەكان دەكاتە نائاسایی و هەڵس و كەوتی ئاسایی لێ بەرجەستە دەكات.

هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە زاناكان لەو باوەڕەدان (كە ژینگەی كۆمەڵایەتی و دەروونی نالەبار كە خۆی لە هەژاری و بێ كاری و نەخۆشی و لێك ترازاندنی شیرازەی خێزان و مردن و لە ناوچوونی كەسانی خۆشەویست و بێبەش بوونی منداڵ لە سۆز و خۆشەویستی و ژیان لە بارێكی ئاڵۆزدا …هتد) هۆكاری سەرەكین بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا.

واتە ئەم هۆكارانەی سەرەوە مرۆڤ تووشی شیزۆفرینیا ناكەن بەڵكو هۆكاری یارمەتیدەرن و وا لە ئەو كەسانە دەكەن كە ئامادەباشی بۆماوەییان هەیە زووتر تووشی ئەو نەخۆشییە ببن و نیشانەكانی دەربكەون, ئینجا ئەگەر ئەو هۆكارانە نەبوونایە ئەوا لەوانە بوو ئەو نەخۆشییە هەر بە خەفەكراوی و نادیاری لە دەروونی ئەو كەسانەدا بمانایەوە و ئەو كەسانە تووشی ئەو نەخۆشییە نەبوونایە.

ئایا شیزۆفرینیا نەخۆشییەكی دەگمەنە؟
لە ڕاستیدا شیزۆفرینیا نەخۆشییەكی دانسقە و دەگمەن نییە و بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی هەر هەبووە و ڕێژەیەكی بە لە سەدا یەك (1%) لە هەموو كۆمەڵگاكان خەمڵێنراوە, واتە ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانی عێراق (5,000,000) پێنج ملیۆن بێت ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە كە (50,000) پەنجا هەزار كەس تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا ببێت.

لەبەرئەوە بە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شیزۆفرینیا دەڵێین كە تۆ بە تەنها تووشی ئەو نەخۆشییە نەبوویت بەڵكو ملیۆنەها كەس لە هەموو جیهان وەك تۆ تووشی ئەو نەخۆشییە بوون و لە ئەنجامی خۆڕاگری و كۆڵنەدانیان ڕۆژانە چیرۆكی هەندێكیان دەخوێنینەوە و دەبیستین كە چاك دەبنەوە و دەگەڕێنەوە سەر كار و پیشەی خۆیان و ناو ماڵ و منداڵیان, واتە نابێت كەسی نەخۆش و كەس و كاریان ورە بەربدەن و وابزانن ئیتر كۆتایی ژیانە و خۆشەویست و ئازیزەكانیان چاك نابنەوە.

ئەوەی مایەی دڵخۆشییە كە ڕۆژانە و بەردەوام جۆری چارەسەر و ڕێنمایكردنی كەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا لە پێشكەوتندایە و چاودێری و خزمەتگوزاری و باری دەروونی و عەقڵی و كۆمەڵایەتی ئەو كەسانە بەرەو باشبوون دەچن و هەندێكیشیان هەر بەیەكجاری بۆ هەتا هەتایە چاك دەبنەوە و دەگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی خۆیان هەر چەندە ڕێژەی تووشبووان بەرەو زیادبوون چووە, كە هۆكارەكاشی ئەوەیە كە ئێستا چارەسەر و خزمەتگوزاریەكان زۆر باشتر بوون و وەك جاران ئەو نەخۆشانە پشتگوێ ناخرێن و لە ئەنجامی كەمتەرخەمی و چارەسەرنەكردنەوە نامرن.

لێرەدا پرسیارێك دەكرێت, ئایا تووشبووان بە شیزۆفرینیا بەرەو كەم بوونەوە دەچێت یان بەرەو زیاد بوون؟
لە ڕاسیتدا وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە ئاسان نییە و كەسیش ناتوانێت پێشبینی ڕاست بكات و بزانێت بەیانی چۆن دەبێت, بەڵام ئەوەی مایەی گەشبینی و دڵخۆشییە و ئەگەری ئەوە هەیە كە ڕێژەی تووشبووان بەرەو كەمی بڕوات, لەبەرئەوەی كە بەردەوام تاكەكانی كۆمەڵ زانیاری و ڕۆشنبیرییان دەربارەی ئەم نەخوشییە بەرەو زیادبوون دەچێت و ئێستا باشتر لە جاران لە تەمەن و قۆناغێكی زۆر زوودا دەستنیشانی كەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا دەكرێت و چارەسەری گونجاویشیان بۆ دەدۆزرێتەوە, سەرەڕای ئەوەش ئێستا زۆر داو و دەرمان و چارەسەری نوێ دۆزراوەتەوە و ئەگەری ئەوەش هەیە كە چارەسەر و ڕێگاچارەی زیاتریش بدۆزرێتەوە.

لەلایەكی تریشەوە توێژینەكانی بواری زانستی بۆ هێڵەكان (جیناتەكان) دڵخۆشكەرن بە ئەوەی كەلەمەودوا دەتوانرێت لە تەمەن و قۆناغێكی زۆر بچووكدا دەست نیشانی ئەو نەخۆشییە بكرێت و هەر زوو بە زوو چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە و كەسانی تریش بپارێزرێن و نەهێڵن تووشی ئەو نەخۆشییە ببن. لە هەمان كاتیشدا ئامارەكان مایەی دڵخۆشی نین و ئەو گەشبینیەمان كەم دەكەنەوە لەبەرئەوەی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ئەو كەسانەی ماددە هۆشبەرەكان بە تایبەتیش (حەشیشە) بەكاردەهێنن ڕوو لە زیاد بوونە, ئەمەش دەبێتە هۆی زۆربوونی كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شیزۆفرینیا, لەبەرئەوەی وەك پێشتریش ئاماژەمان بۆ كرد ئەو ماددە هۆشبەرانە هۆكارن بۆ زوو دەركەوتن و خێراكردنی تووشبوون بە شیزۆفرینیا.


ده‌رونناس:دکتۆر که‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی

MKRdezign

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.
Javascript DisablePlease Enable Javascript To See All Widget