پەرەي سەرەكي  ا   كتێبەكـاني  ا   وتـاره‌ دەنگيه‌كاني  ا   وتـاره‌ ڤيديۆيه‌كاني  ا   بابەتي هەمەجۆر   ا   گەلەري وێنە    ا   پەيوەندي كـردن   

 كچێك دوای هەفتەیەك زیندوو دەبێتەوە

 

نووســـەر : بەڕێوبەرایەتی پێگە
بەشـــــی :  چیڕۆک و بەسەرھات
سـەردان :
( 1001 ) جار ئەم بابەتە بینراوە
زیادکردن :
06-10-2015 زايني / 23 ذو الحجة 1436كۆچي

 
 

کچێک دوای ھەفتەیەک زیندوو دەبێتەوە!!

من کچێکم ماڵم لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری ھەولێرە دایکم ئافرەتی ماڵـە و باوکیشم وەفاتی کردووە، برایەکی لە خۆشم گەورەترم ھەیە لەگەڵ خوشکێک.
من لە کۆلێژ لە بەشی ئینگلیزی بووم، زۆر خۆم ماندوو دەکرد لە خوێندن، کە ھەموو کاتەکانم تەرخان کردبوو بۆ خوێندن ھەموو شتێکم لە بیروھۆشی خۆم دەرھێنابوو تەنھا خوێندن نەبێت.
ھەر بۆیەش کاتێک لە زانکۆ دەمبینی ھەندێ لە قوتابیان خوێندنیان بەلاوە ناوەو خەریکی عیشق بازین زۆرم پێ سەیر بوو چۆن پشتیان لە خوێندن کردووە و بە دوای ئەو کارە بێ ھودانە کەوتوون زۆرجاران ھاوڕێیە کچەکانم دەیانوت: باشە تۆ بۆ ئاوا خۆت ماندوو دەکەی!! بۆ خۆت بە دوور گرتووە لە جیھانی عیشق و ئەوین!! بۆ نایەی تەنھا بۆ جارێکیش بێت تامی ئەوین بکەیت ئەوکات دەزانی چەند دابڕاوی لەو خۆشی و تامە جوان و خۆشەی!!
زۆر جاریش ھەر ئەو ھاوڕێیە کچەکانم دەیانوت: فلانە کوڕ داوای لێ کردووین کە پەیوەندی لەگەڵ ببەستی.. بەڵام من زۆر بە توندی داواکەیانم ڕەتدەکردەوە، بەردەوام بووم تاکو قۆناغی کۆتای زۆر بە پوختی خوێندنی خۆم تەواوکرد، پاشانیش بە مامۆستا دامەزرام، ئەو موچەیەی وەریشم دەگرت نیوەم دەدایە ماڵەوە ئەوەی تریشم بۆ خۆم ھەڵدەگرت، یان بە زێڕم دەدا، چەند ساڵێک بەو شێوەیە بەردەوام بووم لە دەوامەکەم، تا ئەو رۆژە ڕەشەم بەسەر ھات، کە ھەموو خۆشیەکانی لێکردم بە یەک پارچە لە بێ ئومێدی و فرمێسک و ناخۆشی، ئەویش ئەوە بوو ڕۆژێکیان یەکێک لە ھاوڕێکانم، کە مامۆستابوو لەگەڵم تەلەفۆنی بۆ کردم وتی: بەیانی براکەم ژن دەھێنێت حەزدەکەم تۆش بێیت بۆ ئاھەنگەکە منیش وتم باشە، بەیانی چووم بینیم ئاھەنگێکی گەورەیە و چەندین کوڕ و کچ تێکەڵ ببوون ھەریەکە و جۆرە جل وبەرگێکی لەبەر کردبوو، ھەڵپەرکێ و زەماوەندێکی زۆر گەرم دەستی پێکرد.
چاوم بە کوڕێک کەوت زۆر بە وردی لە منی دەڕوانی، منیش بایەخم پێ نەدا و چوومە ناو شایی و دەستمکرد بە ھەڵپەڕکێ، بینیم ئەو کوڕەی سەیری دەکردم ھاتە دەستم ماوەیەک لە دەستم ماوە، دواتر من لە ناو شایی ھاتمە دەر پشوویەکمدا، پاشان چوومەوە ناو شایی بۆ جاری دووەم دیسانەوە ئەو کوڕە ھاتەوە دەستم کاغەزێکی خستە ناو گیرفانم، ئەو کوڕە بە جۆرێک ھەڵسوکەوتی لەگەڵم دەکرد دەیویست سەرنجی من بۆ لای خۆی ڕابکێشێت... دوای ئەوەی ئاھەنگەکە تەواو بوو چوومەوە بۆ ماڵ، نامەکەم کردەوە نوسرابوو: من بۆ تۆ لێدراوم و ئەوینداری تۆ بوومە حەزدەکەم بێمە خوازبێنیت ئەگەر ڕازی ئەوەش ژمارەی مۆبایلەکەمە بە بوون و نەبوون وەڵامم بدەوە، ئەوەی ڕاستی بێت من ئەو کوڕە کەوتبووە دڵم بۆیە بۆ بەیانی تۆلەفۆنم بۆ کوڕەکە کرد تاکو بزانم نیازی چی یە!!
تەلەفۆنم بۆ کرد ئەویش زۆر بە گەرمی وەڵامی دامەوە، ئینجارەیان بە جۆرێک قسەی لەگەڵ کردم، کە دڵی منی بۆ خۆی ڕاکێشا... بۆ بەیانی ئەو تەلەفۆنی بۆ کردمەوە و باسی لە خۆشەویستی خۆی بۆ من دەکرد و باسی ئەوەی دەکرد، کە دەبێتە پیاوێکی باش بۆ من و من بەختەوەر دەکات.
ماوەی مانگێک بەو شێوەیە قسەمان دەکرد.. پاشان لە پەیوەندی تەلەفۆنی بوو بە یەکتر بینین.. دواتر بوو بە پیاسە.. چەند جارێکیش وێنەمان پێکەوە دەگرت دەیووت بە دایکم پیشان دەدەم، ئەو پەیوەندییە بەم شێوەیە چوار مانگی خایاند، من لەو ماوەیەدا وام لێھات پڕ بە دڵ ئەو کوڕەم خۆشدەویست زۆر جاریش پێم دەوت: کەی دێیە داوام ئەویش ھەر جارەی بە بیانوویەک خۆی دەدزیەوە لێم، تا ئەو کاتەی ڕۆژێکیان کاتژمێر ھەشتی بەیانی بوو تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی: وەرە لەمەوبەدوا چیتر چاوەڕوانی نەما وەرە با گفتوگۆی کۆتایی بکەین، من وام زانی دەڵێت: وەرە با باسی مارەبڕین بکەین، چووم بۆلای ڕاستەوخۆ پێی وتم: دەمەوێت بچمە ھەندەران پێویستم بە نەوەت وەرەقە دۆلار ھەیە بۆم پەیدا بکـە، کە وای وت زۆرم پێ سەیر بوو...
وتم: بۆ من بۆت پەیدا بکـەم؟!
وتی: کاتێ گەیشتم دێمەوە دەتخوازم و لەگەڵ خۆم دەتبەم.
وتم: بیـر لە شتی وا مەکەوە... من یەک دۆلارت نادەمێ... دیارە تۆ منت بۆ پارە دەویست!! ھەڵسام ویستم بڕۆم، بەڵام ئەو بە تووڕەی دەستی گرتم وتی: دەتەوێت ئاوا بە ئاسانی بڕۆی!! مۆبایلەکەی دەرھێنا ئەو قسانەی کردبوومان ھەمووی تسجیل کردبوو پێی وتم: ئەگەر ٩٠ وەرەقە دۆلارم نەدەیە وێنەکانت بە براکەت دەدم و بڵاوی دەکەمەوە، ئەوکات ھەستا و ڕۆی.
کە ئەوەم بیست ھیچم پێ نەکرا تەنھا ئەوە نەبێت، کە دەست بکەم بە گریان.. زۆر گریام بە چاوی گریانەوە ئەوێم بە جێھێشت و بەرەو ماڵ گەڕامەوە.. حاڵم زۆر شپرزە بوو ڕقم لە ھەموو شتێک دەبویەوە، ھەر بۆیە ھەفتەیەک لە ماڵ نەمتوانی بێمە دەرەوە و بچمە دەوام.. دوای ھەفتەیەک کوڕەکە تەلەفۆنی بۆ کردم وتی: ھەفتەیەک مەوعیدت ماوە ئەگەر ٩٠ وەرەقە دۆلارم بۆ پەیدا نەکەی ئەوە وێنەی خۆت لەسەر مۆبایلی براکەت و ھەموو گەنجێک دەبینیەوە.
ئەو قسانە وای لێکردم باری دەرونیم زۆر خراپ بوو، چەندین جار بیرم لە خۆکوشتن دەکردەوە و بیرم دەکردەوە بزانم چۆن خۆم بکوژم، تا ڕزگارم بێت لەو کێشەیە، چوومە دەرەوە تاکو بچمە لای دکتۆر لە ڕێگادا چاوم بەو کچەی جیرانمان کەوت لە قوتابخانە دەھاتەوە، ئەو کچە لە قۆناغی ئامادەی بوو، ئەو کچە ھەر چەندە لە من بچوکتربوو، بەڵام کچێکی زۆر بەدین و لە خواترس و ژیربوو، منی بینی لە ئەحواڵی پرسیم سەیری کردم بینی پەشۆکاوم وتی: ئەوە چیتە؟ وتم: ھیچ نیە کەمێک دڵم توندە.
ئەو دەیزانی گرێیەکی گەورە لە دڵمدایە بۆیە وتی: بەخوا وازت لێناھێنم، تا ئەو گرفتەی خۆتم پێ نەڵێی بەڵکو بۆت چارەسەر بکەم.
سەیری ڕۆخساریم کرد تەنھا پاکی و دڵسۆزیم لە ڕوخساری ئەو کچە بەدی دەکرد پێم وت: کێشەی من بە تۆ چارەسەر ناکرێت، پێویست ناکات تۆش خەفەت باربکەم، بەڵام ئەو ھەر سوور بوو لەسەر ئەوەی پێی بڵێم، منیش دەمزانی ئەو ئەمانەت دەپارێزێت بۆیە کێشەکەی خۆم بۆ باسکرد، کەمێک بێ دەنگ بوو، پاشان وتی: بابچینە ماڵی ئێمە قسەیەکی لێ دەکەین.
چوومە ماڵیان بەرداخێک ئاوی بۆ ھێنام و لە بەرانبەرم دانیشت و بە ڕوویەکی خۆشەوە قسەی کرد وتی: ئێمە بە گوێی خودا ناکەن، جا کاتێک لێیان دەقەومێت ئەوکات دێن داوا لە خوا دەکەن و ڕووی تێدەکەن.. کارەساتەکە لێرەدایە ئێمە شتەکەمان بەسەر دێت ئەوکاتی پەشیمان دەبینەوە، ئەی بۆ لەسەرەتاوە پەشیمان نەبینەوە و بە گوێی شەیتان نەکەین و ساویلکە نەبین ھەر کەسێک بیەوێت یاریمان پێ بکات بە گوێی نەکەین، پاشان ھەڵسا چوو نامیلکەیەکی بۆ ھێنام وتی: ئەوە ڕووداوێکە ڕێک لەو ڕووداوەی تۆ دەچێت، ئەوە بخوێنەوە پشتوان بەخوا تا بە سبەی بیر دەکەینەوە تا چارەیەک دەدۆزینەوە.

قسەکانی ئەو کچە بەڕاستی کاری تێکردم، ڕاستی دەکرد ئێمەی کچان ئەوەندە بە ساویلکەی بە دوای شتەکان دەکەوین پاشان کە تووشی کارەساتێکی گەورە دبین ئەوکات بەشیمان دەبینەوە، لەوێ ھەڵسام و ھاتمەوە ماڵ، تا نامیلکەکە بخوێنمەوە، ئەو نامیلکەش ھی برای بەڕێز مامۆستا (م. فەرمان خەرابەیی) بوو بە ناوی (گەنجێک ئابڕووی پاراستم) کە دەستمکرد بە خوێندنی ھەر ئەوکاتی تەواومکرد، تەواوم کرد زۆر پەشیمان بوومەوە لەو ھەڵەی کردبووم، بەڵام لە خوێندنەوەی ئەو نامیلکەیە شتێک بە مێشکم داھات، چووم ئەو شتەی بە مێشکم داھات بەو کچەی جیرانمان بڵێم، کە چووم پێم وت: ئەویش وتی: منیش ھەر ئەو شتەم بە مێشک داھاتووە، ئەو شتەش ئەوەبوو تەلەفۆن بۆ مامۆستا (فەرمان خەرابەیی) بکەم بزانم چی دەڵێ، ئەو کچەی جیرانمان وتی: شتێکی باشە لەوانەیە ئەو ڕێگایەکت پێشاندات چوو ژمارەکەی بۆ پەیدا کردم، تەلەفۆنم بۆ کرد... پێم وت نامیلکەیەکی تۆم خوێندۆتەوە زۆر کاری تێکردم منیش کێشەیەکی لەو جۆرەم بەسەر ھاتووە، لەسەرەتاوە تا کۆتای ھەموو کێشەکەی خۆم بۆ باسکرد، ئەویش وتی: خوشکم پێش ھەموو شتێک بە دڵێکی پاکەوە تەوبەیەکی ڕاستگۆیانە بکـە، چونکە خوای گەورە زۆر پێی خۆشە بەندەکانی تەوبە بکـەن، بەڵام بیرت نەچێت بە دڵەوە بێت، دوای ئەوەی بەدڵەوە تەوبەت کرد، پێت دەڵێم: دوو شت ئەنجام بدە پشتیوان بە خوا ئەم ناخۆشیەت لەسەر لا دەچێ:-
یەکەم: درەنگی شەو ھەڵسە و دەسنوێژ بشۆ و شەو نوێژ بکە دوای نوێژەکەت بە زەلیلی و چاوی فرمێسکەوە دەستت بەرز کەوە بۆ ئاسمان و داوا لە خوا بکە ئەو ناخۆشیەت لەسەر لابەرێت، چونکە ئەو کاتە خودا دێتە ئاسمانی دونیا دەفەرموێ: "کەس ھەیە داوام لێ بکات وەڵامی بدەمەوە".
دووەم: بگەڕێ بزانە کەسێکی دڵسۆز و خواناس بدۆزەوە با بڕواتن ئەو کوڕە بە تووندی تەھدید بکات و وێنە و دەنگەکانیشی لێ بسەنێتەوە، پێشی بڵێت ئەگەر یەک شت بڵاوبێتەوە ئەوە بۆ خۆی دەزانێت، چونکە ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن زۆر بێ ورە و ترسنۆکن! بەڵام تەئکید دەکەمەوە ئەو کەسەی پێی دەڵێی بە مانای کەلیمە دڵسۆز و خواناس بێت، نەک خوانەکات کێشەکەت لێ ئاڵۆزتر بکات و ئیستغلالت بکات، بەڵام بەردەوامبە لە نزاکانی شەوانت و لە بیرت نەچێت.
پاشان مامۆستا زۆر دوعای خێری بۆ کردم و خواحافیزی کرد.. منیش ئەو قسانەی مامۆستام بۆ کچەکەی جیرانم گێڕایەوە وتی: کەس دەناسی پێی بڵێی؟ وتم: نازانم...!!
وتی: بڕۆ پشوویەک بدە و بیربکەوە سبەی ان شاء اللە خوا دەرگایەک دەکاتەوە، بەڵام ئامۆژگاریەکانی مامۆستات بیر نەچێت.
وەک مامۆستا وتی شەو درەنگ ھەستام و دەستی پەشیمانیم بۆ خوا بەزرکردەوە و بە گریانەوە داوای پەشیمانی و یارمەتیم لە خوا دەکرد، تا نوێژی بەیانی بەم شێویە بەردەوام بووم دواتر نوستم.. من نوستبووم بەیانی سەعات ٩ ئەو کچەی جیرانمان تەلەفۆنی بۆ کردم وتی: کەست نەدۆزیەوە؟ وتم: نەخیر.. وتی: موژدەت لێبێت وەرە کەسێکم دۆزیەتەوە.
بە پەلە چووم، وتم: کێیە ئەو کەسە؟ وتی: پیاوی خوشکەکەم زاواکەمان ناوی ھونەرە پیاوێکی، تا بڵێی موسڵمان وخواناس و دڵسۆزە، چۆن لە خۆت دڵنیای ئاواش لەو دڵنیا بە.
وتم: دەترسم.. دەترسم کێشەکەم لێ ئاشکرا بکات و ئابڕووم بچێت، بە ڕاستی من ھیچ متمانەم بە پیاو نەماوە.
وتی: خوشکم ئەوە چی دەڵێی! بۆ وا دەزانی کاک ھونەر لەو کەسانەیە تۆ دۆستایەتیت لەگەڵ کردوون! پاشان وادەزانی ھەموو پیاو وەک یەکن! ئاخر ئێمە بۆیە تووشی گرفتی وا دەبین، چونکە بە ساویلکەیی بۆ شتەکان دەڕوانین، کە دڵنیا بووم لە قسەکانی وتم: باشە پێی بڵێ.
تەلەفۆنی بۆ کاک ھونەر کرد دوای نیو کاتژمیر بە پەلە ھات، تەنھا ئەو سێیەمان دانیشتبووین، ئەو کچە کێشەکەی منی بۆ باسکرد و وتی: دەبێت بچی ئەو شتانە لەو کورە بسەنیەوە.
کاک ھونەر بە منی وت: تۆ مەوعیدی بدێ لە شوێنێک، پێی بڵێ پارەکەم بۆ پەیدا کردی، منیش ھاوڕێیەکی زۆر دڵسۆزم ھەیە لەگەڵ ئەو دەچمە لای کوڕەکە تەمبیەی دەکەین.
تەلەفۆنم بۆ کوڕەکە کرد وتم: بەیانی کاتژمیر ئەوەندە لە فلان شوێن ئامادەبە وێنە و شتەکانیش لەگەڵ خۆت بێنە پارەکەم بۆ پەیاکردووی، وتی باشە.
ژمارەی تەلەفۆنەکەی کورەکەشم دایە کاک ھونەر، بۆ سبەی کاک ھونەر لەگەڵ ھاورێکەی چووبوون نوکەیان بۆ کردبوو بینیبویان کوڕەکە ھەڵی گرتبوو، ئەوانیش چووبونە لای وتبوویان ئێمە برای ئەو کچەین ئەگەر بەبێ دەنگ ئەو مۆبایلەی خۆتمان دەدەیە باشە ئەگەرنا ئەوە دەتکوتین و ڕاپێچی پۆلیست ئەکەین،کورەکەش لە ترسانا مۆبایلەکەی پێدابوون، پێشیان وتبوو یەک شتیشت لەوانە بڵاوکردبێتەوە ئەوە بۆخۆت دەزانی! پاشان گەڕانەوە و مۆبایلەکەی لە کوڕەکەیان ساندبوو دایانە دەستی ئەو کچەی جیرانمان و ئەوان ڕۆیشتن، ئەو کچەش مۆبایلەکەی بە مندا کە بینیم ھەموو دەنگ و وێنەی منی تێدایە بە گریانەوە بە زەویمدادا و وردمکرد، ئەو گرێیەی لە دڵم بوو کرایەوە، وام دەزانی ئەو مردنەی بۆخۆم دانابوو زیندوو بۆتمەوە، ھەر لەوێ لەسەر دەستی ئەو کچە پەیمانم بە خوادا کە لەمەودوا ببم بە کەسێکی دیندار.
ئێستاکەش ئەوە ساڵێک بەسەر ئەو ڕووداوە تێپەریووە ئیلتزامێکی چاکم بە دینەوە ھەیە و خزمەتی ئەو دینە ئەکەم، ئەگەر خوا ھیدایەتی نەدابام ئێستا من خۆم کوشتبوو، چونکە ڕێگایەکی ترم شک نەدەبرد رزگارم بکات لەو کێشەیە، بەڵام من دڵم مردبوو دوای ئەو ھەفتەیە زیندوو بۆوە بە ھیدایەت.. ئەو بەسەرھاتەی ژیانی خۆم نووسیەتەوە ئەمەوێت، تا ھەموو ئافرەتێکی ژیر پەندی لێ وەرگرێت و ڕیگای من نەگرێت و تامی ھیدایەتی خوا بزانێت.

تێبینی: ئەوە ڕوداوێکی کۆنە ساڵی (٢٠٠٨) ڕوویداوە کچێک خۆی کێشەکەی خۆی بڵاوکردبویەوە، منیش (م. فەرمان خەرابەیی) پێداچوومەوە و خاڵبەندی و ھەڵەی ڕێزمانی و ئیملاییم چاک کردووە و بڵاوی دەکەمەوە بە ئومیدی ئەوەی ئافرەتان سوودی لێببینن.
 
    ئەم بابەت بنێرە بۆ ھاوڕێیەکەت  چاپی بکە
   

بابەت پێشوو
شێخ مه‌حمودی‌ حه‌فید

شێخ مه‌حمودی‌ حه‌فید

هەمەجۆر ھاوشێوە بابەت دواتر
كچێك دوای هەفتەیەك زیندوو دەبێتەوە

كچێك دوای هەفتەیەك زیندوو دەبێتەوە

ڕووداوێکی سەیر.. بەو شێوەیە پارەی کۆکردەوە

ڕووداوێکی سەیر.. بەو شێوەیە پارەی کۆکردەوە

دوای‌ 77 ساڵ دوو خۆشه‌ویست هاوسه‌رگیریان كرد

دوای‌ 77 ساڵ دوو خۆشه‌ویست هاوسه‌رگیریان كرد

پياوێك له‌ لوتكه‌ى وه‌فادا

پياوێك له‌ لوتكه‌ى وه‌فادا

چیرۆکی ئەم وینەیە بزانە چییە!!

چیرۆکی ئەم وینەیە بزانە چییە!!

چیرۆکی خیانەتی ژنێکی سپڵە

چیرۆکی خیانەتی ژنێکی سپڵە

پەرەي سەرەكي
بابەتي هەمەجۆر
وتــــاري دەنگي
كتێبەكــــــــــــاني
وتاره‌ ڤيديۆيه‌كاني
بەرنامەي پێويست
ئامــــــاري پێگە
پێناســەي پێگە
پێگـەي پێويست

فلاشــــى هه‌مه‌جـــــۆر

كه‌ش وهه‌واي جــيھان

بە دۆستەكەت ڕابگەيەنە